ئەپیکور: دەبێت فشار بخرێتە سەر عێراق بۆ دەسپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان

کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکور)
کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکور)

K24 – هەولێر:

کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان "ئەپیکور" نامەیەکی بۆ کۆنگرێسی ئەمەریکا ناردووە و داوا دەکات، کۆنگرێس فشار لە حکومەتی عێراق بکات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بۆری نەوتی عێراق - تورکیا.

لە ناوەڕۆکی نامەی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان "ئەپیکور" هاتووە، حکومەتی عێراق بە مەبەست رێگریکردووە لە بەرهەمهێنانی تەواوەتی نەوت لە کوردستان،  بەو هۆیەشەوە مانگانە بە نزیکەیی 1 ملیار دۆلار زیان دەکات.

لە نامەکەشدا ئەپیکور ئاماژەی بە قسەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی داوە، کە دەڵێت: "چاومان لە هاوکاری زیاتری ئەمەریکایە". هەروەها دەشڵێت: "پێویستە ئەمەریکا دەستوەردان بکات و یارمەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بدات".

ئەپیکور، ئاماژەی بەوەشداوە، داخستنی بۆرییەکە گەمارۆیەکی نەوتیی سیاسییە، راستەوخۆ زیان بە بەرژەوەندیی و وەبەرهێنانەکانی ئەمەریکا دەگەیێنێت، هەروەها دەبێت مەرجەکان بۆ داهاتووی هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ عێراق لەبەرچاوبگیرێن.

لەبەشێکی دیکەی نامەکەدا باس لەوە کراوە، حکومەتی عێراق دەبێت بەزووترین کات هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، هەورەها حکومەتی عێراق رەتیدەکاتەوە بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بنێرێت و بەردەوام هەڕەشەی دارایی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات.

پێشتریش ئەپیکور داوای لە کۆنگرێسی ئەمەریکا کردبوو حکومەتی عێراق قایلبکات بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە.

هەروەها باسی لەوەش کردبوو، وەستاندنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان هاوشان لەگەڵ کێشەی پێنەدانی بودجە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە هەرێمی کوردستان، رەوشی دارایی هەرێمەکەی رووبەڕووی مەترسیی کردووەتەوە.

ئەپیکور جەختی لەوەش کردبووەوە کە "هەرێمی کوردستان هاوپەیمانێکی گرنگی ئەمەریکایە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

له‌ 25ی ئاداری 2023ـەوە هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌ رێگه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا راگیراوە، به‌غدا، هه‌ولێر و ئه‌نقه‌ره‌ خه‌ریكی ئه‌نجامدانی دانووستانن بۆ دووباره‌ هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم جگە لەوەی زیانی بە بودجە و ژێرخانی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیاندووە، هاوکات بووەتە هۆی کەمبوونەوەی نزیکەی نیو ملیۆن بەرمیل لە بازاڕی وزەی جیهاندا.