هەولێر و زاخۆ دەیانەوێت كۆتایی بە نەهامەتییەكان بهێنن

هەولێر و زاخۆ لە نێو یاریگەی خۆیان رووبەڕووی یانەكانی كەرخ و ئەمانەی بەغدا دەبنەوە
هەولێر و زاخۆ لە نێو یاریگەی خۆیان رووبەڕووی یانەكانی كەرخ و ئەمانەی بەغدا دەبنەوە

لە گەڕی چواردەیەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق، ئێوارەی سبەی هەینی یانەكانی زاخۆ و كەرخ لە نێو یاریگەی خۆیان یارییان هەیە، بەگوێرەی ریزبەندی بێت ئەركی ئەو دوو یانە كوردستانییە ئاسانە، بەوپێیەی رووبەڕووی یانەكانی ئەمانەی بەغدا و كەرخ دەبنەوە كە لە دواوەی ریزبەندییەكە دێن.
زاخۆ ـ ئەمانەی بەغدا
ئەم یارییە سبەی هەینی لە كاتژمێر 02:00ـی دوای نیوەڕۆ بەڕێوە دەچێت، یانەی زاخۆ ئەم وەرزە خووی بە یەكسانبوون گرتووە لە كۆی 13 یاری، 7 یاریی بەرامبەربووە و تەنیا 3 سەركەوتنی هەیە، بەڵام بۆ ئەم یارییە ئەركی تاڕادەیەك ئاسانە و مێژوو لە بەرژەوەندی زاخۆی دەلالە، بەوپێیەی لە دوایین 18 یاریی بەرامبەر ئەمانەی بەغدا 7 یاریی بردووەتەوە و 7 بەرامبەربوون و 4 دۆڕانی هەیە، لە دوایین رووبەڕبوونەوەشیان لە نێو یاریگەی خۆیان 3 ساڵ لەمەوبەر زاخۆ 2 ـ 1 سەركەوتنی تۆمار كردووە.
زاخۆ بە كۆكردنەوەی 16 خاڵ لە خانەی دوازدەیەمی ریزبەندی دێت، لە بەرامبەر ئەمانەی بەغدا 12 خاڵی هەیە و خانەی هەژدەیەمی گرتووە.

.

هەولێر ـ كەرخ
ئەم یارییە سبەی هەینی لە كاتژمێر 07:00ـی ئێوارە لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری دەكرێت، هەولێر هەمیشە بەرامبەر ئەم یانەیە ئەركی سەخت بووە، بەوپێیەی لە كۆی 20 یاریی نێوانیان، 10 یارییان بە یەكسانبوون تەواو كردووە، هەولێر لە كۆی 5 بردنەوە لەو یانەیە چواریان لە نێو یاریگەی خۆی بووە، ئەمەش ئومێدێك بە هەوادارانی ئەو یانەیە دەبەخشێت كە لەو یارییە بتوانن لە شكست بەدوور بن، بەڵام یەكسانبوون بۆ هەولێر لەو یارییە وەكو شكست وایە، بەوپێیەی چواریارییە لە خولی ئەستێرەكانی عێراق سەركەوتنیان تۆمار نەكردووە و دۆخی تیپەكە ناجێگیرە و هاندەران رەنگەچیتر بەرگەی ئەنجامە خراپەكانی یانەكە نەگرن، كێشەی هەولێریش لەو یارییە بێبەشبوونی شێركۆ كەریمە كە بەهۆی پێكانەوە لەو یارییە دادەبڕێت.
هەولێر لەم وەرزە لە خولی ئەستێرەكانی عێراق لە كۆی 13 یاری 13 خاڵی كۆكردووەتەوە و لە خانەی پازدەیەم دێت، لەبەرامبەردا یانەی كەرخ 12 خاڵی هەیە و خانەی حەڤدەیەمی گرتووە.

 

.
.