مەسعود کاڕەش: بە درێژایی 300 کیلۆمەتر ئاوەڕۆکان پاککراونەتەوە

مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری هەولێر
مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری هەولێر

K24 – هەولێر:

جێگری پارێزگاری هەولێر، رایدەگەیەنێت؛ ئەمساڵ لە رێگەی جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکی ستراتیژی تواندراوە تا رادەیەکی زۆر رێگری بکرێت لە دروستبوونی لافاو، گوتیشی: بە درێژایی 300 کیلۆمەتر ئاوەڕۆکان پاککراونەتەوە.

مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری هەولێر، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر23ـی کوردستان24 رایگەیاند، ئەمساڵ تا ئێستا نزیکەی 345 ملم باران لە هەولێر باریوە، ئەم رێژەیەی ئەمساڵ بەروارد بە ساڵانی پێشوو رێژەیەکی زۆرە، پێش دەسپێکی وەرزی دابارین ئێمە ئامادەکاری تەواومان کردبوو بۆ ئەوەی بە هەموو شێوەیەک رێگری بکەین لە دروستبوونی لافاو.

جێگری پارێزگاری هەولێر، راشیگەیاند؛ چەند شوێنێک هەبوون لە هەولێر ساڵانی رابردوو لافاوی تێدا دروستنەدەبوو، بەڵام خۆشبەختانە لە رێگەی جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکی ستراتیژی ئەو کێشانە چارەسەرکران، ئەمساڵ تەنیا لەژێر پردی سەیداوە لافاو دروستبوو، ئەویش بەهۆی ئەوەی کە ئامێری ئاو راکێشان هەندێکیان لەکارکەوتبوون بۆیە نەتوانرا بە خێرایی ئاوەکە بەتاڵبکرێن.

مەسعود کاڕەش، ئاماژەی بەوەدا، تیمەکان هەموو لە ئامادەباشیدابوون بۆ مەبەستی سەلامەتی گیانی هاووڵاتییان لە ئەگەری دروستبوونی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو، بەڵام کاتێک رێژەی بارانبارین بەدەر دەبێت لە رێژەی پێشبینییەکان ئەوا شتێکی ئاساییە ئەگەر لە هەندێک شوێن ئاو لافاو رووبدات، هەروەها ئەمساڵ نزیکەی 300 کیلۆمەتر رێڕەوەکانی ئاومان خاوێن کردووەتەوە.

جێگری پارێزگاری هەولێر، دەڵێت: خەریکی دروستکردنی چەند پۆندێکین بۆ ئەوەی ئاوی باران بەفیڕۆنەچێت و دواتر سوودی لێوەربگیرێتەوە.

مەسعود کاڕەش، گوتیشی: لەپاش ئەوەی ئەمڕۆ لە هەندێک شوێن لافاو دروستبوو، دواتر لەگەڵ پارێزگاری هەولێر کۆبوونەوەی دیکەمان دەبێت بۆ ئەوەی ئەو کێشانەی روویاندا بەخێرایی چارەسەربکرێن.