هەموو شتێک لەبارەی داهاتووی کلیان ئێمباپێ

کلیان ئێمباپێ هێرشبەری یانەی پاریس سانجێرمان
کلیان ئێمباپێ هێرشبەری یانەی پاریس سانجێرمان

لە دوێنێوە زۆربەی زۆری سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانی ئەوروپا، باس لە جێهێشتنی ریزەکانی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسا، لەلاین کلیان ئێمباپێ دەکەن، بەشێکیشیان پێیانوایە داهاتووی ئەو یاریزانە لە مەدرید پایتەختی ئیسپانیا دەبێت.

هێرشبەرەکەی شازادەکان ساڵانێکە هەوڵ بۆ ئەوە دەدات پەیوەندی بە ریاڵ مەدرید بکات، بەڵام بەجۆرێک هەوڵەکانی لەناو دەبرێن و بە پارەیەکی زۆر، رازی بە مانەوە لە یانەکەی پایتەختی وڵاتەکەی دەکرێت. ئەمجارەیان پێدەچێت بابەتەکە کۆتایی هاتبێت و هاندەرانی یانە ئیسپانیەکەش وەرزی داهاتوو، لەوانەیە ئەو ئامانجەیان بە درێسی یانەکەیان ببینن.

فابریزیۆ رۆمانۆ دیارترین سەرچاوەی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان، دوێنێ بەجۆرێک خەریکی روماڵی بابەتی چوونی ئێمباپێ بوو لە پاریس، هەموو بابەتەکانی دیکەی پشتگوێ خستبوو. ئەو رۆژنامەنوسە ئیتاڵیا تاوەکو دڵنیا نەبێت لە کۆتا بڕیاری یاریزانەکان، هیچ شتێک بڵاوناکاتەوە، بەڵام ئەویش دوێنێ گەیشتە ئەو ئەنجامەی ئیدی کلیان ریزەکانی یانەکەی جێدێڵێت.

دوای چەند کاتژمێرێکی کەم لە بڵاوبونەوەی دەنگۆی جێهێشتنی ریزەکانی پاریس سانجێرمان، فابریزیۆ دەستی گەیشتە زۆرترین زانیاری باوەڕپێکراو، سەرەتا بڵاویکردەوە بەرپرسانی مێرنگی بەهیچ شێوەیەک ئامادەنین، هاوشێوەی ساڵی 2022 ئۆفەرێکی خەیاڵی پێشکەشی ئەو یاریزانە بکەن.

پاشان رۆژنامەنوسەکە بڵاویکردەوە ئێمباپێ لەسەر زۆربەی مەرجەکانی لەگەڵ ریاڵ مەدرید، گەیشتووەتە رێککەوتنی سەرەتایی و بە ئەگەرێکی زۆرەوە وەرزی داهاتوو پەیوەندی بە یانە ئیسپانیەکەوە دەکات.

هەروەها لە ماوەی رابردوو دەنگۆیەک بڵاوبووەوە گوایە فایزە عامری دایک و بەرێوەبەری کارەکانی یاریزانە فەرەنسیەکە، هۆشداری داوەتە بەرپرسانی ریاڵ مەدرید، ئەگەر مووچەیەکی هاوشێوەی پاریس پێشکەشی کوڕەکەی نەکەن، ئەوا رەنگە بیر لە بژاردەی دیکە بکەنەوە، بەڵام هیچ سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو باسی لەم بابەتە نەکردووە.

کیلیان ئێمباپێ هاوینی داهاتوو گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان کۆتایی دێت، ئەو یاریزانە ساڵانە نزیکەی 70 ملیۆن یۆرۆ مووچەکەیەتی و دەگورێت ریاڵ مەدرید 26 ملیۆن یۆرۆ وەکو مووچەی ساڵانە پێشکەشی دەکات.