كه‌شناسی: بارانبارین به‌رده‌وام ده‌بێت

بارانبارین
بارانبارین

K24 – هەولێر:

پێشبینی دەكرێت ئەمڕۆ هەینی بارانبارین لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی كوردستان دووبارە چالاک ببێتەوە بەتایبەت لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ.

ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 16ـی شوباتی 2024) بەشى پێشبینى بەڕێوەبەرایەتى گشتى کەشناسی و بوومەلەرزەزانى رایگه‌یاند، "ئەو ناسەقامگیریەی لە کەشوهەوای ناوچەکەمان هەیە بەردەوام دەبێت و باران بارین بە شێوەی بارانی مامناوەند و هەورەتریشقە و لێزمەبارانی بەخوڕ دەبێت ".

روونیشیكردووه‌ته‌وه‌، بە شێوەیەكی گشتی باران بە بڕی جیاواز لە ناوچە جیاجیاكان دەبارێت و پێشبینی دەکرێت بڕی دابارین لە ناوچانەکانی رۆژهەڵاتی پارێزگای هەولێر به‌تایبه‌ت كۆیه‌، ته‌قته‌ق و هیران و  بەشێک لە سنووری ئیدارەی گەرمیان و سنووری پارێزگای کەرکووک لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ زیاتر بێت.

سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشاوه‌، لە ئێستادا پێشبینی باران بارین و ئەگەری گۆڕانی ڕێڕەوی نزمە پاڵەپەستۆکە هەیە و لە هەندێک ناوچە بۆ ناوچەیەکی دیكه‌ جیاوازی دەبێت .

هه‌روه‌ها روونكراوه‌ته‌وه‌، خێراىی با/ لەسەرخۆ – مام ناوەند  (10 – 20)کم/ س دەبێت.

ئاراستەی با/ باشووری خۆرهەڵات دەبێت .

پلەکانی گەرما/ نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ پێنجشه‌ممه‌.

مەوداى بینین/ 6 - 8کم  دەبێت .

هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ پێشبینییه‌كانی كه‌شوهه‌وای سبه‌ی شه‌ممه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌، ئاسمان بە گشتی هەوری تەواو دەبێت و نمەباران و بارانی مامناوەند لە زۆربەی ناوچەکان دەبارێت. هەروەها لە هەندێ کاتدا هەورەتریشقەی لەگەڵدا دەبێت. پێشبینی دەکرێت لە کاتەکانی شەودا لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان و ناوچه‌ بەرزەکاندا بڕێكی كه‌م بەفر ببارێت. هاوكات سه‌باره‌ت به‌ پله‌كانی گه‌رما روونكراوه‌ته‌وه‌، بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بێت.

هەولێر: 14

سلێمانی: 10

دهۆک: 14

کەرکووک: 17

هەڵەبجە: 10

زاخۆ: 15

سۆران: 5

حاجی ئۆمەران: 0

گەرمیان: 18