ئێوە یاریزانی خراپن و منیش ناچارم خۆم بێنمە ئاستی ئێوە

توماس توخێل، راهێنەری یانەی بایرن میونشن
توماس توخێل، راهێنەری یانەی بایرن میونشن

بایرن میونشن ئەم وەرزە ئاست و ئەنجامەکانی وەکو پێویست نین، ئەو یانەیە هەفتەی رابردوو بەرامبەر بایەر لیڤەرکۆزن لە بۆندزلیگا و هەروەها لازیۆ لە چامپیۆنزلیگ، تووشی دوو دۆڕانی قورس و چاوەڕواننەکراو بوو.

ئەنجامە لاوازەکانی یانە ئەڵمانیەکە وایکردووە توماس توخێل راهێنەری یانەکە، کاردانەوەی خراپی بەرامبەر یاریزانەکانی هەبێت، هەرچەندە دەگوترێت راهێنەری بایرن ماوەیەکە لەگەڵ بەشێک لە یاریزانە دیارەکانی یانەکەی، پەیوەندیەکانی تێکچووە.

ڕیکاردۆ باسیلی لە تۆڕی هەواڵی سکای سپۆرتی ئەڵمانی زانیاری لە سەرچاوەیەکی نەناسراوەوە لەناو بایرن میونشن دەستکەوتووە، تۆماس توخێل لە ژووری جلگۆڕین دوای دۆڕانەکەی بەرامبەر لازیۆ بە ئەنجامی 1-0 بە توڕەییەوە دابەزیوەتە سەر یاریزانەکانی و بێ رێزی پێکردووەن.

ئەو رۆژنامەنوسە ئەڵمانیا ئاشکرای کردووە، دوای دۆڕانەکەی بەرامبەر لازیۆ، راهێنەرەکەی بایرن میونشن لە ژووری جلگۆڕین بە یاریزانەکانی گووتووە '' ئێوە ئەوەندە باش نین کە من بیرم لێدەکردەوە و چاوەڕێم دەکرد، بۆیە دەبێت خۆم لەگەڵ ئاستی تۆدا بگونجێنم و خۆم بێنمە ئاستی ئێوە ".

رۆژنامەنوسە ئەڵمانیەکە ئەوەشی بڵاوکردەوە بەشێک لە یاریزانەکانی بایرن ئەم قسانەی راهێنەرەکەیان بە دڵ نەبووە، بۆیە کارگێری یانەکەیان ئاگادار کردووەتەوە، لە ئەگەری دووبارە بونەوەی ئەم هەڵس و کەوتە، ئەو کات کاردانەوەی توندیان دەبێت.