ئازاد دۆسكی: عێراق به‌پێی یاسای نێوده‌وڵه‌تی هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ سه‌ر ئاسایشی جیهان
K24 - هەولیر:
شاره‌زایه‌كی سیاسی و یاسایی ئاماژه به‌وه ده‌كات، عێراق به‌پێی یاسای نێوده‌وڵه‌تی هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ سه‌ر ئاسایشی هه‌رێمی و ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی.
ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 16ـی شوباتی 2024) ئازاد دۆسكی، شاره‌زای سیاسی و یاسایی تایبه‌ت به كوردستان24 رایگه‌یاند، به‌شێك له شیعه‌كان له‌ناو خۆیاندا له‌گه‌ڵ ده‌رچوونی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان نین له عێراق، ئه‌مه‌ش وایكردووه یه‌كدی به به تۆمه‌تی جیاجیا تۆمه‌تبار بكه‌ن.
ئازاد دۆسكی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، كورد و سوننه ترسیان له ده‌رچوونی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان هه‌یه، به‌ڵام شیعه‌كان دووباره ده‌یانه‌وێت ئه‌م ترسه‌ی كورد بۆ نه‌ناردنی به‌شه‌بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان خراپ به‌كاربهێننه‌وه.
ناوبراو باسی له‌وه‌ش كرد، عێراق به‌پێی یاسای نێوده‌وڵه‌تی به‌تایبه‌تی له دوای ساڵی 1990ـوه بووه‌ته هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ئاسایشی هه‌رێمی و ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی.
روونیشیكرده‌وه، عێراق ده‌وڵه‌تێكه میلیشیا به‌ڕێوه‌ی ده‌بات له كاتێكدا مادده‌ی 9ـی ده‌ستوور ده‌ڵێت نابێت هیچ میلیشیایه‌ك هه‌بێت.
دوێنێ (پێنجشه‌ممه 15ـی شوباتی 2024) محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له میانی به‌شداریكردنی له سیمینارێكی گفتوگۆ لە پەراوێزی سەردانە فەرمییەکەی بۆ هۆڵەندا كه بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک بازرگان و نوێنەری 40 کۆمپانیای هۆڵەندی بەڕێوەچوو، رایگه‌یاند، لەژێر رۆشنایی ئامادەیی و کارامەیی خزمەتگوزارییە ئەمنییەکانی عێراق، داوایان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کردووه کۆتایی بە ئەرکەکەی لە عێراق بهێنێت.