ئاگرین عه‌بدوڵڵا: هه‌رێمی كوردستان به‌ ته‌واوبوونی رێگا شاده‌ماره‌كان پێ ده‌نێته‌ قۆناغێكی نوێ

ئاگرین عه‌بدوڵڵا، بریكاری وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی نیشته‌جێكردنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
ئاگرین عه‌بدوڵڵا، بریكاری وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی نیشته‌جێكردنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 - هەولێر:

بریكاری وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی نیشته‌جێكردن ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ مه‌به‌ستییه‌تی رێگا شاده‌ماره‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان ته‌واو بكات. ده‌شڵێت، به‌جێبه‌جێكردنی ماسته‌رپلانی وه‌زاره‌ت، هه‌رێمی كوردستان پێ ده‌نێته‌ قۆناغێكی نوێ.

ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 16ـی شوباتی 2024) ئاگرین عه‌بدوڵڵا، بریكاری وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی نیشته‌جێكردنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تایبه‌ت به‌ كوردستان24 رایگه‌یاند، وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ مه‌به‌ستییه‌تی رێگا شاده‌ماره‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان ته‌واو بكات.

بریكاری وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی نیشته‌جێكردن ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، رێگا شاده‌ماره‌كان بریتییه‌ له‌ جووتسایده‌كان، كه‌ چه‌ندین ستراكچه‌ری جۆراوجۆر له‌وانه‌ش‌ پردی گه‌وره‌ و تونێڵ له‌خۆده‌گرێت.

ئاگرین عه‌بدوڵڵا باسی له‌وه‌ش كرد، به‌پێی ئه‌و ماسته‌رپلانه‌ی وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ دایناوه‌، هه‌رێمی كوردستان پێ ده‌نێته‌ قۆناغێكی نوێوه‌.

ناوبراو روونیشیكرده‌وه‌، به‌ته‌واوبوونی رێگا شاده‌ماره‌كان و جێبه‌جێكردنی ماسته‌رپلانی وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردن، ئاسانكارییه‌كی زۆر زیاتر بۆ هاووڵاتییان و بۆ رێگای هاتووچۆی بازرگانی له‌ هه‌رێمی كوردستان دروست ده‌بێت.

رۆژی 16ـی ته‌ممووزی 2022، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە گوتارێکدا بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، "لە ماوەی سێ ساڵی رابردووی تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، توانیومانە 60 پڕۆژەى رێگاوبان جێبەجێ بکەین".

لەبارەی پرۆژەکانی رێگاوبان ماوەی سێ ساڵی تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزیری ئاوەدانکردنەوە باسی لەوە کردبوو، "وەك وەزارەتی ئاوەدانکردنە، توانیومانە 60 پڕۆژەى رێگاوبان لەسەر بودجەى وەبەرهێنان بە گوژمەى گشتى 854 ملیار دینار جێبەجێ بکەین، بەرهەمەکەشی هەزار و 212 کیلۆمەتر رێگاوبان بووە".

لەنێو پرۆژەکانی رێگاوبان، 92 کیلۆمەتر دووساید و ئەوەی دیکە رێگاى یەکساید و رێگاى لاوەکى و گوند و پڕۆژەى دروستکردنى تونێل و پردى گەورەى لەخۆ گرتووە." دانا عەبدولکەریم گوتشی: "بەگشتى لە پڕۆژەکانى رێگاوباندا لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا 12,000,000 مەتردووجا قیرتاوکردن ئەنجامدراوە".

هەروەها ئەنجامدان و تەواوکردنى 82 پڕۆژەى بچووک و مامناوەند لەسەر بودجەى ئاسایی بە گوژمەى گشتی 2,794 ملیار دینار، کە بە زۆرى ڕێگاوبانى گوندەکانى لەخۆگرتبوو.

لەلایەکی دیکەوە، 120 پڕۆژەى بچووک و مامناوەند لەسەر بودجەى داهاتى وێستگەکانى کێشکردن بە گوژمەى گشتى 7,393 ملیار دینار تەواو کراون، کە بە زۆرى چاککردنەوەى رێگا و پردى سەرەکى و رێگاوبانى گوندەکانى لەخۆگرتبوو.

دانا عەبدولکەریم ئاماژەی بەوەدابوو، "جگە لە تەواوکردنى پڕۆژەکان، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بەردەوامى بە ئەنجامدانى 121 پڕۆژەى جۆراوجۆرى رێگاوبان و نیشتەجێکردن داوە لەسەر بودجەى وەبەرههێنان، کە گوژمەى گشتییان زیاتر لە 2 تریلیۆن و 334 ملیار دینارە. زۆربەیان لە ماوەى 3 ساڵى ڕابردوو بەرەوپێشچوونیان بەخۆیانەوە بینیوە."