دەزگای مین: بەهۆی بەفر و بارانبارینەوە مەترسی هاتنەخوارەوەی مین لە ناوچە شاخاوییەکان هەیە

K24 – هەولێر:

دەزگای گشتی کاروباری مینی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەهۆی بەفر و بارانبارینی بەخوڕەوە هۆشداری دەدات لە هاتنەخوارەی مین لە ناوچە شاخاوییەکان.

ئەمڕۆ هەینی (16ـی شوباتی 2024) دەزگای گشتی کاروباری مینی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، بەهۆی بەفر و بارانبارینی بەخوڕی ئەم چەند رۆژەی رابردوو مەترسی هاتنەخوارەوەی مین لە ناوچە شاخاوییەکان هەیە، هاوکات داواش لە هاووڵاتییان دەکات بە هیچ شێوەیەک لە ناوچە مینڕێژکراوەکان و قەراخ چەم و رووبارەکان نزیک نەبنەوە.

دەزگای گشتی کاروباری مین، هاووڵاتییان ئاگاداردەکاتەوە و دەڵێت: لە کاتی بینینی مین و تەقەمەنی، تکایە دەستکاری مەکەن، بەڵکو پەیوەندی بکەن بە هێلی گەرمی خۆڕایی دەزگاکە ژمارە 182.

رۆژی سێشەممە (6ـی شوباتی 2024) نیازی خالید، جێگری سه‌رۆكی ده‌زگای گشتی مین لە میانی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کاتژمێر 8:00ـی کوردستان24 رایگەیاند، حکومەتی پێشووی عێراق بۆ ماوەی 40 ساڵ و چەکدارانی داعشیش بۆ ماوەی سێ ساڵ، خاکی هەرێمی کوردستانیان مینڕێژکردووە، خۆشبەخاتنە تاوەکو ئێستا توانیویانە زیاتر لە 60%ـی خاکی هەرێمی کوردستان لە مین پاکبکەنەوە.

جێگری سه‌رۆكی ده‌زگای گشتی مین داوای لە هاووڵاتییانیش کرد هاوکاربن و پابەندی رێنماییەکانی تیمەکانی هۆشیارکردنەوە بن و نزیک ئەو شوێنانە نەکەون کە مینڕێژکراون.

دەزگای گشتی كاروباری مین لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دوو ساڵی رابردوو (2022 و 2023)، کۆی گشتی رووبەری زه‌وی پاككراوە له‌ مین گەیشتووەتە دوو ملیۆن و 41 هەزار و 854 مەتر دووجا کە کە 49 کێڵگە و پێنج شەڕگە پێکهاتووە.