سیناریۆکانی دوای هەڵبژاردنەکان لە ئێران؛ کێ دەبێتە جێگرەوەی خامنەیی؟

سەید عەلی خامنەیی، رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران
سەید عەلی خامنەیی، رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران

K24 – هەولێر:

دۆخی تەندروستی و نزیک بوونەوەی لە تەمەنی 85 ساڵی وایکردووە، پرسی هەڵبژاردنی رابەرێکی نوێ بۆ شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئێران و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری، دەبێتەوە باسوخواسی ناوەندە سیاسیی و راگەیاندنەکانی ئەو وڵاتە.

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری لە (1ـی ئاداری 2024) بەڕێوەدەچێت کە لە 88 ئەندام پێکدێت و هەشت ساڵ جارێک بەشێوەی راستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێن.

ئەرکی ئەم ئەنجوومەنە بەپێی دەستوور، دانانی رێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران و بڕیاردانە لەسەر لادانی لە پۆستەکەی ئەگەر گەیشتنە ئەو بڕیارەی ئیتر شیاو نییە بۆ مانەوە لە راپەڕاندنی کارەکانی و خۆ کاندیدکردن بۆ ئەم ئەنجوومەنەش پێویستی بە رەزامەندی ئەنجوومەنی پاسەوانی دەستوورە و لە رابردووش هەموو ئەوانەی بوونەتە ئەندام لە ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری، کەسانی بەتەمەن و نزیک بوون لە دەسەڵاتی سیاسیی و بەڕێوەبردنی وڵات.

هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی جیاواز و هەستیارترە، ئەویش بەهۆی ئەو ئەرکەی هەیەتی کە پەیوەندی بە هەڵبژاردنی رێبەرەوە هەیە، لە کاتێکدا کە عەلی خامنەیی کە ئێستا تەمەنی 84 ساڵە و چاودێران پێشبینی ئەوە دەکەن، لە هەشت ساڵی داهاتووی تەمەنی ئەم ئەنجوومەنە، رێبەرێکی نوێ بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران دیاریبکرێت.

عەلی خامنەیی 35 ساڵە رابەری ئێرانە

لە (19ـی نیسانی 1939) سەید عەلی حوسێنی خامنەیی لە شاری مەشهەد لەدایکبووە و لە (4ـی حوزەیرانی 1989)ـەوە رابەری کۆماری ئیسلامی ئێرانە کە دوای رەزاشا پەهەلەوی بە دووەم درێژترین ماوەی فەرمانڕەوایی ئەو وڵاتە دادەنرێت لە پۆستەکەیدا مابێتەوە و پێشتریش سێیەمین سەرۆککۆماری ئێران بووە لە 1981 تاوەکو 1989 وەک کەسێکی نزیکی رووحوڵڵا خومەینی لە دەسەڵاتدا بووە.

عەلی خامنەیی بەگوێرەی بنەما دەستوورییەکانی ئێران، باڵاترین دەسەڵاتی سیاسیی و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتەیە و لە کاتی ئێستادا لە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا، هیچ سەرکردەیەکی وڵاتان هێندەی ئەو لە پۆستەکەیاندا نەماونەتەوە. خاڵی جیاوازیشی لەگەڵ سەرکردەکانی دیکەی ئێراندا، شارەزایی و باڵادەستی سیاسی بووە و هێزە فەرمییەکان و سوپای پاسداران بە تەواویی ملکەچی بڕیارەکانین.

خامنەیی جگە لە بوارە سیاسیی و سەربازییەکان، لە بوارە ئابووریی و ئایینییەکان، پرسە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی وڵاتەکەشی بەشداری لە بڕیار و کاروبارەکان دەکات و رۆل و کاریگەری هەبووە لەسەر تەواوی بڕیار و سیاسەتەکانی وڵاتەکەی، بەشێوەیەک هەموو دەسەڵات و دامەزراوەکانی دەوڵەتیش بەگوێرەی بڕیار و راسپاردەکانی ئەو کاردەکەن و سیاسەتی خۆیان دادەڕێژن.

زیاتر بخوێنەوە: "هەڵبژاردنەکانی ئێران لەنێوان دۆخی نێوخۆیی و ململانێکانی ناوچەکە؛ تاران بەرەو کوێ دەبات؟"

جێگرەوەی خامنەیی کێیە و کاندیدە بەهێزەکان کێن؟

بەشێوەیەکی گشتی چوار کەسایەتی بۆ جێگرتنەوەی عەلی خامنەیی وەک کاندید ناویان دەهێندرێت و بەهێزترینیشیان ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێستای ئێران و موجتەبا خامنەیی، کوڕی رابەری عەلی خامنەیی، رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانە، هاوکات هەریەکە لە حەسەن خومەینی، نەوەی رووحوڵڵا خومەینی، دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران و عەلی لاریجانی، سەرۆکی پێشووتری ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ئەو وڵاتەیە.

یەکەم: ئیبراهیم رەئیسی

سەرۆککۆماری ئێستای ئێرانە و لە (14ـی کانوونی یەکەمی 1960) لە مەشهەد لەدایکبووە و خوێندنی ئایینی لە مەشهەد و قوم تەواوکردووە لەلای زۆرێک لە مەرجعە ئایینییە بەناوبانگەکانی شیعە و بەشداری لە شۆڕشی ئێرانی ساڵی 1979 کردووە.

رەئیسی لە ساڵی 1917 خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران کاندید کرد و توانی نزیکەی 16 ملیۆن دەنگ بەدەستبهێنێت بەڵام نەیتوانی بەرامبەر حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، لە هەڵبژاردنی دواتر لە ساڵی 2021 جارێکی دیکە خۆی کاندیدکردەوە و بووە هەشتەمین سەرۆککۆماری وڵاتەکەی کە تاوەکو ئێستا لە پۆستەکەی بەردەوامە.

لە ساڵی 2019 بووە سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و دروشمی دادگاییکردنی گەندڵکارانی بەرزکردەوە و بەوهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییە سیاسییەکان و بەرپرسانی ئێرانی لە بازنەی گرنگیپێدان و پۆستەکانیان دوورخستەوە و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی زیاتر رێگەی گەیشتن بە پۆستی سەرۆککۆماری ببڕێت کە لە هەڵبژادنەکانی 2021ـیش هەمان دروشمی بەرزکردەوە و رێژەی 62%ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا.

ئیبراهیم رەئیسی هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە فقهی ئیسلامی و لە تەمەنی 20 ساڵانەوە رۆلی هەبووە لە دەسەڵاتی دادوەری، بەڵام دوای هاوسەرگیریکردن لەگەڵ جەمیلە عیلم ئەلهودا، کچی مەرجعی ئایینی ئەحمەد عیلم ئەلهودای پێشنوێژ و نوێنەری رابەری باڵای ئێران لە شاری مەشهەد، زیاتر لەلایەن دامەزاوەکانی ئەو وڵاتە ناسرا و پشتیوانی بەدەستهێنا و دەرگای پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران بۆ کرایەوە، کە خاوەنی دوو کچ و دوو نەوەیە.

دووەم: موجتەبا خامنەیی

کوڕی رابەری ئێستای کۆماری ئیسلامی ئێرانە و بەهۆی سوودوەرگرتن لە پەیوەندی باوکییەوە خاوەن پشتیوانییەکی زۆرە لەنێو دەسەڵاتی فەرمانڕەوای وڵاتەکەی و بەگوێرەی راپۆرتەکانیش دەسەڵاتی تەواوی بەسەر چەندین کەرتی جیاوازی ئابووری لەنێوخۆی ئێراندا هەیە.

موجتەبا کوڕی دووەمی عەلی خامنەییە و لە (8ـی ئەیلوولی 1969) لەدایکبووە و بەشداری لە شەڕی عێراقدا کردووە کە لە ساڵانی (1980 تاوەکو 1988) لەنێوان هەردوو وڵاتدا روویدا. لە حەوزەی زانستی قوم خوێندنی ئایینی تەواوکردووە و وەک کەسایەتییەکی ئایینی لە وڵاتەکەی ناسراوە.

لە ناوەڕاستی مانگی ئابی 2022، نازناوی "ئایەتوڵڵا" لەلایەن حەوزەی ئایینی قوم بە موجەتەبا خامنەیی بەخشرا کە دوای چەندین ساڵ لە خوێندن و وانەگوتنەوە دەگەنە پلەی "ئیجتیهادکردن" ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ شوێنگرتنەوەی باوکی باسی لێوەکرا، هەرچەندە کاتێک سەید عەلی خامنەیی بووە رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، هێشتا نەگەیشتبووە ئەو پلە ئایینییە.

هەرچەندە موجتەبا خامنەیی هیچ پۆستێکی سیاسیی و فەرمی نییە و ئەمەش بە یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی دادەنرێت کە کۆسپ بێت بۆ هەڵبژاردنی بە رابەری باڵای وڵاتەکەی، بەڵام ساڵی 2019 بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی و هاوکاریکردنی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، لەگەڵ چەندین کەسایەتی دیکەی نزیک لە عەلی خامنەیی لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکاوە سزایان بەسەر سەپێندرا.

سێیەم: حەسەن خومەینی

نەوەی گەورەی رووحوڵڵا خومەینی رابەری پێشووی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانە و بەگشتی رێزێکی زۆری لەناوەندەکانی شیعە هەیە بەتایبەتی لەنێوخۆی ئێران و جگەلەوەی کەسێکی متمانەپێکراوی عەلی خامنەییە، لەلایەن هەموو رەوتە دژبەرەکانی ئەو وڵاتە تاڕادەیەکی زۆر کەسایەتییەکی قبوڵکراوە و زۆرجار بەشێوەیەک باس دەکرێت کە دەتوانێت ببێتە کاندیدی هاوسەنگ بۆ جێگرەوەی خامنەیی و ببێتە سێیەم رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران.

حەسەن ئەحمەد رووحوڵڵا خومەینی لە (3ـی کانوونی یەکەمی 1972) لە شاری قوم لەدایکبووە و هەر لەوێ قۆناغەکانی خوێندنی ئایینی تەواوکردووە و ئێستا یەکێکە لە پیاوە ئایینییە دیارەکانی ئێران.

لە هەڵبژاردنەکانی شوباتی 2016 بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری، حەسەن خومەینی نەیتوانی متمانەی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری وڵاتەکەی بەدەستبهێنێت بۆیە نەچووە پێشبڕکێی هەڵبژاردنەوە، ئێستاش کاتێک باس لە کاندیدبوونی دەکرێت بۆ شوێنگرتنەوەی خامنەیی، پرسی تەمەن بچووکی دەوروژێندرێت لە کاتێکدا تەمەنی 51 ساڵە.

لە ماوەی رابردووش، حەسەن خومەینی چەندین هەڵوێستی سیاسی هەبووە لەسەر سیاسەت و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی وڵاتەکەی و رەخنەی لە گرتنەبەری رێوشوێنی توند گرتووە لە دژی هاووڵاتییان و بە مەترسی وەسفکردووە، ئەمەش وایکردووە رووبەڕووی ناڕەزایەتی زۆر لەلایەن رەوتی پارێزگاران ببێتەوە و هەندێکجاریش لەلایەن ریفۆرمخوازەکانەوە ستایش کراوە، بەڵام بەهۆی باڵادەستی نزیکەکانی خامنەیی لە دەسەڵات، نەوەکەی خومەینی نەیتوانیوە شوێپەنجەی خۆی لە پلەیەکی باڵادا جێبهێڵێت.

چوارەم: سادق لاریجانی

چەندین پۆستی باڵای هەبووە، ئەندامی ئەنجوومەنەکانی پاراستنی دەستوور و شارەزایانی رێبەری بووە و لە ساڵی 2009ـەوە بۆ ماوەی 10 ساڵ، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران بووە و برای بچووکی عەلی لاریجانی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی ئێرانە.

سادق ئەردەشێر ئەمەلی لاریجانی لە (12ـی ئاداری 1961) لە شاری نەجەفی عێراق لەدایکبووە. خێزانەکەی بە رەچەڵەک خەڵکی شاری بەهشەری ناوچەی مازەندرانی ئێرانن و باوکی کە مامۆستای ئایینی بووە لە حەوزەی عیلمی بەهۆی فشارەکانی دەسەڵاتی ئەوسای ئێران لە ساڵی 1931 کۆچیان کردووە بۆ نەجەف و لە ساڵی 1961 گەڕاونەتەوە شاری قوم.

هەرچەندە دوورخستنەوەی ئەندامانی بنەماڵەی لاریجانی لە پۆستە باڵاکان وەک دژایەتییەک دەبینرێت بۆ رێگریکردن لەوەی سادق لاریجانی نەتوانێت خەونی بوون بە رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی بەدەستبهێنیت، لەگەڵ ئەوەشدا، رەچەڵەکی بنەماڵەی سادق لاریجانی کە ناچێتەوە سەر هیچ یەکێک لە 12 ئیمامەکەی شیعە، هۆکارێکی دیکەیە لەوەی هەلی گەیشتن بە کورسی بەرزترین دەسەڵات لە وڵاتەکەی نەبێت.