ئیدارەی گەرمیان هاووڵاتییان ئاگاداردەکاتەوە

K24 – هەولێر:

راگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئیدارەی گەرمیان هاووڵاتییان ئاگاداردەکاتەوە کە رێگاکانی سەرقەڵا بۆ ناحییەکانی ئاوەسپی و نەوجول و سەقەڵا بۆ رێگای کۆنی کفری بۆ هاتووچۆکردن بەکارنەهێنن.

ئەمڕۆ هەینی (16ـی شوباتی 2024) راگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئیدارەی گەرمیان، لەمیانەی راگەیەندراوێکدا هاووڵاتییان ئاگاداردەکاتەوە، بەهۆی مەترسی لەسەر پردی سەرقەڵا کە تایبەتە بە رێگاکانی سەرقەڵا بۆ ناحییەکانی ئاوەسپی و نەوجول، سەرقەڵا بۆ رێگای کۆنی کفری، هاتوچۆ لەم دوو رێگایە نەکەن.

هاوکات ئاماژە بەشدراوە، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان کراوە ئەم دوو رێگایە بەکارنەهێن تا لە رووداوی نەخوازراو بەدووربن.

ئه‌مڕۆ هه‌ینی (16ـی شوباتی 2024) بەشى پێشبینى بەڕێوەبەرایەتى گشتى کەشناسی و بوومەلەرزەزانى رایگه‌یاند، "ئەو ناسەقامگیریەی لە کەشوهەوای ناوچەکەمان هەیە بەردەوام دەبێت و باران بارین بە شێوەی بارانی مامناوەند و هەورەتریشقە و لێزمەبارانی بەخوڕ دەبێت ".

روونیشیكردووه‌ته‌وه‌، بە شێوەیەكی گشتی باران بە بڕی جیاواز لە ناوچە جیاجیاكان دەبارێت و پێشبینی دەکرێت بڕی دابارین لە ناوچانەکانی رۆژهەڵاتی پارێزگای هەولێر به‌تایبه‌ت كۆیه‌، ته‌قته‌ق و هیران و  بەشێک لە سنووری ئیدارەی گەرمیان و سنووری پارێزگای کەرکووک لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ زیاتر بێت.

سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشاوه‌، لە ئێستادا پێشبینی باران بارین و ئەگەری گۆڕانی ڕێڕەوی نزمە پاڵەپەستۆکە هەیە و لە هەندێک ناوچە بۆ ناوچەیەکی دیكه‌ جیاوازی دەبێت .