بەفرین عەلی: نەخشاندنێک بەسە بۆ ئەوەی هەست بەجوانی ژیانت بکەیت

ەفرین عەلی، خانمە نیگارکێش
ەفرین عەلی، خانمە نیگارکێش

K24 - هەولێر:

بەفرین عەلی، خانمە نیگارکێش لەو چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کوردستان24، تیشک دەخاتە سەر هونەری شێوەکاری و باسی هونەری هاوچەرخ دەکات.

کوردستان24: کارە هونەرییەکانت سەر بە چ رێبازێکی هونەرییە؟

بەفرین عەلی: من بەردەوام هەوڵ دەدەم لە دەرەوی پۆلێنکردندا بم، کاتێک وێنە دەکێشم یان هەر جۆرە کارێکی هونەری دەکەم، هەموو دەرگاکانی ئازادی  بۆ رۆحم واڵا دەکەم و لێدەگەڕێم هەستەکانم بە خامی لەدایک بن، بە رای من پۆلێنکردن کۆسپێکی گەورەیە و لە بەردەم داهێناندا ناکرێت هونەرمەند پێی قایل بێت، بۆیە بە درێژایی ژیانی هونەریم چەندین کار و ئەزموونی جۆراوجۆر و جیاوازم ئەنجام داوە، بەڵام هەرگیز هەوڵم نەداوە خۆم لە قاڵب بدەم و بەندی هیچ رێبازێک بم.

کوردستان24: لە هونەری شێوەکاریدا، تا چەند شێوەکان لە ئاستی دەربڕیندان؟

بەفرین عەلی: شێوەکاران توانایی بەرچاویان هەیە، من زمانی رەخنە دادەخەم لە گفتوگۆ لە کاری شێوەکاریشم دا، چونکە رەخنەکان کاتت دەبا، فکرت ئاڵۆز دەکات، دەرگای چاکسازیش دەبەستێت، بۆیە پێویستە فۆڕم، فیگۆر، رەنگ، زەین و  زەرافەت لە تابلۆکاندا سەمای خۆی بکات و پێبکەنێ و بینەر بانگ بکات، تا ئەگەر تابلۆیەکی ماتەمینیش بێ پێویستە رەنگ جوانی خۆی پێشانبدات. هونەری سەردەم جێگای رەخنەیەو پڕ لە کێشەیە، بۆیە هۆکارێکە خودی شێوەکاریش سەری لێبشێوێ و پەیامی تۆکمە و رەسا نەتوانێ بگەیەنێ، بەڵام خۆ لە هونەری گۆرانیش دا سەرکەوتووترین هونەرمەند لەناو هەموو بەرهەمەکانی دا چەند بەرهەمێکی دەنگ دەداتەوە و جێگیر دەبێ، بۆیە لە دنیای شێوەکاریش دا هەر چەند شێوەکارێک دەتوانن بێنە سەرووی هەموویانەوە و پەیامی بەهێز و پڕ مانایان هەبێ، کەواتا زۆر جاری وا هەیە شێوەکار ناتوانێ ئاییندە بین بێ یان پێشوەخت قسە بکە، کاری شێوەکاری خەمخۆر و گێڕانەوەی بەسەرهاتی ئەمڕۆی کۆمەڵگەیە.

کوردستان24: چۆن دەڕوانیتە هونەری هاوچەرخ؟

بەفرین عەلی: بۆ ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارەت بدەمەوە دەبێ پێشتر لە خودی هونەری هاوچەرخ وورد ببینەوە، چۆن پێناسەی دەکەین و بۆ درووست بوو؟ لە دوای جەنگی جیهانی دووەم و کاتێک  گۆڕانکاری گەورە لە ژیان و چەمکە جیاوازەکانی  روویدا، هونەر کایەکی گرنگی گۆڕانکارییەکان بوو، هونەرمەندان پەنایان برد بۆ بیرۆکە و میدیای نوێ و شتی تر، هونەر پانتاییەکی گەورەتری گرتەوە و پەلی هاوێشتە ناو زۆر لایەنی ژیانی مرۆڤایەتی، رووبەرەکەی فراوانتر و فراوانتر بوو، ئەو سنوورەکانی جوانی و دڵڕفێنی تێپەڕاند و کاری خستنەڕوو و ورووژاندنی پرسی ئێستایی گرتە ئەستۆ بۆ ئەوەی هونەر ئەرکی سەرشانی خۆی ببینێت، دەبوو هونەر زادەی سەردەمی خۆی بێت، بەڵام دواجار هونەر پانتاییەکی فراوانە و هونەرمەند ئازادە  لە کوێی هونەر کار دەکات و ناکرێت رادیکاڵانە بیر لە هونەر بکەینەوە یان بڕیارێک بسەپێنین بەسەر هیچ هونەرمەندێک یان هەر کارێکی هونەری.

کوردستان24: پەیامی تابلۆکانت چییە؟

بەفرین عەلی: جوانترین پەیام لە تابلۆکانم، پەیامی جوانی و ئاشتی و پێکەوەژیان بووە. هەموو جۆرە تابلۆیەک دەکێشم و پەیامی جوان نیشان دەدەم لە رێگای کارەکانمەوە، بەڵام زیاتر حەز بە شێوازی سوریالیزم دەکەم و لە داهاتوودا زیاتر کاری لەسەر دەکەم. جوانترین پەیام لە کارەکانی مندا ئینسانی بوونە،  مرۆڤی دادپەروەر و بەھەڵوێست، پایە دانان و رێز بۆ مرۆڤایەتی بۆ ئەو مرۆڤە دڵشکاو و دەروون ھیلاکانەی رۆژگار غەدریان لێ دەکات، ئەمانە زۆرترین بۆشایی پڕ دەکەنەوە لە کارە ھونەرییەکانی من. دونیای هونەری نیگارکێشان دونیایەکی زۆر جوانە، نەخشاندنێک بەسە بۆ ئەوەی هەست بەجوانی ژیانت بکەیت.

کوردستان24: فەلسەفەی هونەری تۆ چییە؟

بەفرین عەلی: جوانیناسی و تێگەیشتن لە هونەر لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی تر گۆڕانی بەسەردا دێت، خۆی فەلسەی هونەر جیا دەکرێتەوە لە رەخنەی هونەری، ئەویش پەیوەندی بە شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی بەرهەمە هونەرییە تایبەتەکانەوە هەیە، بەڵام لە رووی فەلسەفییەوە چۆن دەزاندرێت کە ئایا ئەو کارە هونەرییە یان نا، ئەرکی فەیلەسوفی هونەر بەرزڕاگرتن و قەدرزانی بەرهەمە هونەرییەکان نییە، بەڵکو دابینکردنی بناغە چەمکییەکانە بۆ رەخنەگر بە لێکۆڵینەوە لەو چەمکە بنچینەییانەی کە بنچینەی چالاکییەکانی رەخنەگرانن و توانای ئەوەیان پێبدات بە روونی بنووسن و قسە دەربارەی هونەر بکەن.

نیگارکێش بەفرین عەلی، تەمەنی 32 ساڵە و خەڵکی شاری هەولێرە، خاوەنی چەندین تابلۆی هونەرییە و بەشداری چەندین پێشانگای هاوبەش و تایبەتی کردووە و ئێستاش بەردەوامە لە نەخشاندن.