دلێر عەبدولقادر گۆرانی بۆ ئارامی هەولێر دەڵێت

K24 – هەولێر:

دوای ماوەیەکی دوور و درێژ لە بێدەنگی هونەرمەند "دلێر عەبدولقادر" بە گۆرانی هەولێر دەرکەوتەوە و دیمەنەکانیشی لە نێو پارک و شوێنە گشتییەکانی پایتەخت وێنە گیراوە.

دلێر عەبدولقادر لە بارەی گۆرانیە نوێیەکەوە بە کوردستان 24ـی راگەیاند، گۆرانی هەولێر ئارامە وەڵامێکە بۆ ئەوانەی کە دەمێکە چاویان بە ئەزموونی ئاوەدانی و جوانیی ئەو شارە هەڵنایە، کە جارێک بووەتە پایتەختی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەنتەری بڕیاری سیاسی لە عێراقدا، بۆیە هەندێک وڵات ناتوانن هەزمی ئەو هەمووە جوانیە بکەن و پەلاماری ئەو شارە دەدەن، کە بووەتە دیرۆکی خۆشەویستی.

ئەو بەرهەمە لە دەرهێنانی مازن محەممەدە و گۆرانییەکە لە ستۆدیۆی ئۆکتاف له هەولێر کاری دەنگی بۆ کراوە و میکس و ماسترینگی سەرهەنگ ئیلهام ئاکرەییە و ئێستا لە کەناڵە نێوخۆیی و ئاسمانیەکان پەخش دەکرێت.

دلێر عەبدولقادر لە دایکبووی 1977ـی شاری هەولێرە، لە سەرەتای ساڵەکانی 1996 دەستیکردووە بە کاری هونەری گۆرانی گوتن، دەرچووی پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەولێرە بەشی موزیک، تا ئێستا خاوەنی چوار ئەلبومی گۆرانییە: سێوەخان، ئای لە گوڵ، خاتوونەکەم و ژیانی من.