ئومێد خۆشناو: پڕۆژەکانى کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لافاو جێبەجێكراون

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر

K24 – هەولێر:

پارێزگاری هەولێر باس لە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی مەترسییەکانی لافاو دەکات و گوتی: بە پاڵپشتی سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، توانرا بەشێکى زۆر لە پرۆژەکانى کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لافاو لە سنووری پارێزگای هەولێر جێبەجێبکرێن.

ئەمڕۆ هەینی (16ـی شوباتی 2024) ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەمیانەی راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، لە ماوەی دوو ساڵى ڕابردوودا بە پاڵپشتی و پشتیوانی مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و لە چوارچێوەی هەوڵەکانی پارێزگای هەولێر و تەرخانکردنی بودجەی پێویست، توانرا بەشێکى زۆر لە پرۆژەکانى کەمکردنەوەی مەترسیەکانی لافاو لە سنووری پارێزگای هەولێر جێبەجێبکرێن.

پارێزگاری هەولێر باسی لە پڕۆژەکان کرد کە خۆی دەبینێتەوە لە، دروستکردنی ژمارەیەکی زۆر پۆند و بەنداوەکانی (گۆمەسپان، بەستۆڕە، چەمرگە، ئاقووبان)، هەروەها پاککردنەوەى زیاتر لە 300 کیلومەتر لە رێڕەوەکانی ئاوى سروشتى باران و ئاوی قورس و فراوانکردنی کەندەکان و دروستکردنى بۆکس کەڵڤەرد و پردەکان و ئاوەڕۆی سندوقی، ئەوجگە لە پڕۆسەی بەردەوامی خاوێنکردنەوەی چاڵەکانی ئاو وەرگرتن، مەنهۆلەکان، ئاوەڕۆكان.

ئومێد خۆشناو ئاشکراشی دەکات، هەموو ئەوکارانە و چەندین پڕۆژە و کاری دیکە بەیەکەوە وایانکرد لەگەڵ ئەوەی لە رۆژی پێنجشەمەی رابردووەوە شەپۆلێکی بەهێزەی بارا بارین سنووری پارێزگاکەمانی گرتووەتەوە، بەڵام مەترسییەکانی دروستبوونی لافاو لە شاری هەولێر کەمببێتەوە.

رۆژی سێشەممە (13ـی شوباتی 2024) ده‌سته‌ی كەشناسی عێراقی بڵاویكرده‌وه،‌ رۆژی چوارشه‌ممه‌ شه‌پۆلێكی بارانبارینی به‌خوڕ هه‌رێمی كوردستان و عێراق دەگرێته‌وه‌ و له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كانیش به‌فر دەبارێت.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، شه‌پۆله‌كه‌ له‌ رۆژی چوارشه‌ممه‌ ده‌ستپێده‌كات و تا رۆژی شه‌ممه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان و ناوه‌ڕاستی عێراق به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌ڵام بۆ ناوچه‌كانی باشوور، پێشبینی ده‌كرێت ئێواره‌ی رۆژی هه‌ینی كۆتایی بێت.