مەریوان هادی: حکومەتی هەرێم ژمارەیەک پڕۆژەی بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی لافاو جێبەجێکردووە

مەریوان هادی، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی هەولێر
مەریوان هادی، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی هەولێر

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی پشتیوانییەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنیا لەماوەی ساڵی رابردوودا 15 کیلۆمەتر رێرەوی ئاوی لەسەنتەر و دەوروبەری شاری هەولیر دروستکراوە.

ئەمڕۆ هەینی (16ـی شوباتی 2024) مەریوان هادی، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی هەولێر، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دابینکردنی بودجەیەکی تایبەت ژمارەیەک پڕۆژەی بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی لافاو و، زیان گەیشتن بە هاووڵاتیان جێبەجێکردووە.

ناوبراو راشیگەیاند، بەهۆی پشتیوانییەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنیا لەماوەی ساڵی رابردوودا 15 کیلۆمەتر رێرەوی ئاوی لەسەنتەر و دەوروبەری شاری هەولیر دروستکراوە، هەروەها زیاتر لە 300 کیلۆمەتر رێڕەوە ئاوییەکان پاککراونەتەوە.

ئەمڕۆ هەینی (16ـی شوباتی 2024) ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەمیانەی راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، لە ماوەی دوو ساڵى ڕابردوودا بە پاڵپشتی و پشتیوانی مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و لە چوارچێوەی هەوڵەکانی پارێزگای هەولێر و تەرخانکردنی بودجەی پێویست، توانرا بەشێکى زۆر لە پرۆژەکانى کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لافاو لە سنووری پارێزگای هەولێر جێبەجێبکرێن.

پارێزگاری هەولێر باسی لە پڕۆژەکان کرد کە خۆی دەبینێتەوە لە، دروستکردنی ژمارەیەکی زۆر پۆند و بەنداوەکانی (گۆمەسپان، بەستۆڕە، چەمرگە، ئاقووبان)، هەروەها پاککردنەوەى زیاتر لە 300 کیلومەتر لە رێڕەوەکانی ئاوى سروشتى باران و ئاوی قورس و فراوانکردنی کەندەکان و دروستکردنى بۆکس کەڵڤەرد و پردەکان و ئاوەڕۆی سندوقی، ئەوجگە لە پڕۆسەی بەردەوامی خاوێنکردنەوەی چاڵەکانی ئاو وەرگرتن، مەنهۆلەکان، ئاوەڕۆكان.

ئومێد خۆشناو ئاشکراشی دەکات، هەموو ئەوکارانە و چەندین پڕۆژە و کاری دیکە بەیەکەوە وایانکرد لەگەڵ ئەوەی لە رۆژی پێنجشەمەی رابردووەوە شەپۆلێکی بەهێزەی بارا بارین سنووری پارێزگاکەمانی گرتووەتەوە، بەڵام مەترسییەکانی دروستبوونی لافاو لە شاری هەولێر کەمببێتەوە.