فەرەنسا بەنیازە هاوکارییەکانی بۆ ئۆکرانیا زیاتر بکات

رێککەوتنی فەرەنسا و ئۆکرانیا
رێککەوتنی فەرەنسا و ئۆکرانیا

K24 - هەولێر

فەرەنسا بەنیازە میکانیزمێک لە چوارچێوەی گروپی حەوتدا بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی ئۆکرانیا دژی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی رووسیا دابمەزرێنێت، ئەمەش بە پێی ئەو رێککەوتنە ئەمنییەی کە لەم دواییانەدا لە نێوان پاریس و کیێڤ واژووکراوە.

ئەمڕۆ شەممە، 17ـی شوباتی 2024، لە بڵاوکراوەیەکی سەرۆکایەتی ئۆکرانیادا هاتووە، بەشداربووان بەردەوام دەبن لە کارکردن لەگەڵ وڵاتانی گروپی حەوت و وڵاتانی دیکە بۆ دانانی میکانیزمێک بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی ئۆکرانیا.

لە رێککەوتنەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە فەرەنسا ژێرخانی ئۆکرانیا دەپارێزێت، ئەویش بە رێگەی سەربازی، بە شێوەیەکی سەرەکی بە بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی.

لە درێژەی بڵاوکراوەکەدا هاتووە، "بەشداربووان پێکەوە کاردەکەن بۆ ئەوەی توانای دۆزینەوە و رێگریکردن و وەستاندنی هەر دەستدرێژییەکی ئەلیکترۆنی بۆ سەر ئۆکرانیا بکەن."

بەگوێرەی ئەو بڵاوکراوەیە، فەرەنسا و ئۆکرانیا جەختیان لەسەر فراوانکردنی هاوکارییەکانی نێوان دامەزراوە سەربازییەکانی هەردوو وڵات و دەستپێکردنی پڕۆژەی سەربازی هاوبەش لەوانەش پاراستن و چاککردنەوەی چەک و کەرەستە سەربازییەکان کردووەتەوە.

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا پێشتر رایگەیاندبوو، رێککەوتنی ئەمنی پاریس و کیێڤ بۆ ماوەی 10 ساڵ واژۆ کراوە و تا ئەوکاتەی ئۆکرانیا پەیوەندی بە ناتۆوە دەکات، کاری پێدەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، رێککەوتنەکە بریتییە لە تەرخانکردنی بڕی 3 ملیار یۆرۆ وەک هاوکاری سەربازی بۆ ئۆکرانیا لە ساڵی 2024، دابینکردنی ئامێری سەربازی مۆدێرن بۆ ئۆکرانیا، راهێنانی سەربازانی ئۆکرانیا، بەهێزکردنی پیشەسازی بەرگری ئۆکرانیا.