نیویۆرک تایمز: ئیسرائیل هێرشی سەر بۆڕییە غازەکانی ئێرانی ئەنجامداوە

K24 - هەولێر

بەرپرسانی رۆژئاوا پشتڕاستیان کردەوە کە ئیسرائیل لەم هەفتەیەدا هێرشی کردۆتە سەر دوو بۆڕی غاز لە ئێران، بەو هۆیەوە گەیاندنی غاز بۆ پارێزگاکانی ئێران پەکخراوە.

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاوی کردەوە، کە دوو بەرپرسی رۆژئاوا و شارەزایەکی ستراتیژی ئێران، رایانگەیاندووە، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بۆڕییە غازییەکان "پێویستی بە زانیاری ورد لەسەر ژێرخانی ئێران و هەماهەنگی ورد هەبووە، بەتایبەتی کە دوو بۆرییەکە لە چەند شوێنێک و لە هەمان کاتدا پێکراون".

ئەو دوو بەرپرسە کە رۆژنامەکە ناویانی ئاشکرا نەکردووە، ئاماژەیان بەوە کردووە، ئیسرائیل بووەتە هۆکاری تەقینەوەکەی کارگەییەکی کیمیایی لە تاران کە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو روویدا، بەڵام بەرپرسانی ناوخۆیی ئێران رایانگەیاندووە، کە تەقینەوەکە بەهۆی تووداوێکەوە بووە لە تانکی سووتەمەنی کارگەکەدا.

ئیسرائیل ماوەیەکە پێگە سەربازی و ئەتۆمییەکانی ناو ئێران دەکاتە ئامانج و زانایان و بەرپرسانی پڕۆژەی ئەتۆمی ئێرانی، لەناوخۆ و دەرەوەی وڵات تیرۆر دەکات، هەروەها هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ پەکخستنی سێرڤەرەکانی سەر بە وەزارەتی نەوت دەستپێکردووە، ئەمەش دەبێتە هۆی پەککەوتنی وێستگەکانی سووتەمەنی لە سەرتاسەری وڵاتدا .

بەڵام بەرپرسان و شرۆڤەکاران بۆ رۆژنامەی نیویۆرک تایمز پشتڕاستیان کردەوە کە بۆردومانکردنی بەشێک لە ژێرخانی وزەی وڵاتەکە هۆکاری پەرەسەندنی شەڕێکی نهێنی دەکات، کە بەرەیەکی نوێ دەکاتەوە.

ئاژانسی هەواڵی ئێرانی "ئیرنا" رایگەیاند، لە بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممەی رابردوودا لە هێڵی بۆڕی غازی بورۆجن- شەهرەکرد لە پارێزگاکانی جەهارمەحال و بەختیاری لە باشووری رۆژئاوای وڵات روویداوە، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێبکەوێتەوە.