کارەبای دەیان گوندی پارێزگای سنە پچڕا و خوێندنیش لە چەندین ناوچە راگیرا

K24 – هەولێر

بەهۆی بەفربارین و هەرەسهێنانی شاخ و رۆچوونی زەوییەوە زیاتر لە 90 گوند و ئاوایی لە سنووری شارەکانی سەقز و بانە و مەریوان لە رۆژهەڵاتی کوردستان کارەبایان پچڕا، هەروەها بەهۆی سەرماوسۆڵەوە پرۆسەی خوێندن لە تەواوی قوتابخانەکانی دەوروبەری شاری مەریوان کرایە پشوو.

هیوا لهۆنیان بەڕێوەبەر کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای پارێزگای سنە رایگەیاندووە، 93 گوند و ئاوایی بەهۆی کاریگەرییەکانی بەفرو باران و دروستبوونی لافاو بێ کارەبا بوون، کە سەرجەمیان دەکەونە سنووری ئیداری هەر یەک لە شارەکانی سەقز، مەریوان، بانە و دیواندەرە.

بەگوتە لهۆنیان رووداوە سروشتییەکان زیانێکی زۆری ماددیان بەر سێکتەری کارەبا گەیاندووە و بەهۆیەوە، فیدرەکانی بەستام، مەولان ئابادی سەقز، چل چەشمەی دیواندەرە، رێگەی نێوان مەریوان و بانە، چنارەی مەریوان بە تەواوی لەکارکەوتوون.

هەروەها ئاماژەیداوە، تیمەکانیان لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ چارەسەرکردنێکی خێرا بۆ پێدانەوەی کارەبا بە هاووڵاتییان.

لەلایەکی دیکەوە بەڕێوەبەری پەروەردە و فێرکردنی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە (17ی شوباتی 2024) بەهۆی سەرما و بەردەوامی بەفرو بارانبارین، پرۆسەی خوێندن لە تەواوی ناوەندەکانی شارۆچکەکانی سەرشیو و کۆماسی شاری مەریوان راگیراوە و کراوەتە پشوو.

هاشم نازمی جەلال ئاماژەیداوە، لە سەنتەری شاری مەریوان و خاو و میرئاباد، هەر بەهۆی سەرماوە پرۆسەی خوێندن کاتژمێرێک دواتر دەستیپێکردووە، بەڵام ئەمڕۆ خوێندن لە تەواوی قوتابخانەکانی شارۆچکە و گوندەکانی دەوروبەری شاری مەریوان کراوەتە پشوو و خوێندن بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەدەچێت.