دەزگای خێرخوازی بارزانی هاوکاری دەگەیەنێتە خێزانە زیانلێکەوتووەکانی لافاو لە کەلار

دەزگای خێرخوازی بارزانی هاوکاری دەگەیەنێتە خێزانە زیانلێکەوتووەکانی لافاو لە کەلار
دەزگای خێرخوازی بارزانی هاوکاری دەگەیەنێتە خێزانە زیانلێکەوتووەکانی لافاو لە کەلار

K24 - هەولێر

دەزگای خێرخوازی بارزانی لە رێگەی پێنج بارهەڵگرەوە هاوکاری مرۆیی دەگەیەنێتە سەدان خێزانی زیانلێکەوتووی لافاو لە کەلار و دەوروبەری.

ئەمڕۆ شەممە، 17-02-2024، دەزگای خێرخوازی بارزانی لە رێگەی پێنج بارهەڵگری پڕ لە کەلوپەلی ناوماڵ، جلوبەرگ، نەوت، سۆپا، خواردن و خواردنەوە و پێداویستییەکانی دیکەی رۆژانە؛ هاوکاریی مرۆیی دەگەیەنێتە سەدان خێزانی کەلار و دەوروبەری کە بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە.

مووسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەاونیدا رایگەیاند، "لەسەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، کەلوپەل و پێداویستیی ناوماڵ بۆ نزیکی 300 خێزانی ئەو سنوورە دابەش دەکەین. بە گوێرەی ئەو ئامارانەی پێمان دراون، نزیکەی 250 خێزان لە ناو گەڕەکەکانی کەلار و هەروەها 50 خێزانیش لە ناو ناحیەی رزگاری پێویستییان بە گەیاندنی هاوکاری و خزمەتگوزارییەکانە".

مووسا ئەحمەد گوتی، "ئەو کەلوپەل و پێداویستییانەی ئەمڕۆ پێشکەشی ئەو 300 خێزانە دەکەین؛ خەملێندراوە، پێداویستییەکانی رۆژانەی هەر خێزانێکی پێنج کەسی بۆ ماوەی مانگێک دابین بکات. پێداویستییەکان خۆیان لە جلوبەرگ، خواردن، سۆپا، کەلوپەلەکانی ناوماڵ، نەوت و چەند پێدوایستییەکی دیکە دەبیننەوە".

بە گوتەی سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی،  هاوکارییەکان لە رێگەی پێنج بارهەڵگرەوە پاش کەمێکی دیکە لە هەولێرەوە بەرەو کەلار بەڕێدەکرێن. گوتیشی، "تیمەکانمان ئامادەکاریی تەواویان کردووە و ئەو خێزانانەی پێداویستییان بەسەریاندا دابەش دەکرێت، دەستنیشان کراون".

سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە بەشێكی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، "هیوا دەخوازین هیچ خێزانێک پێویستی بە هاوکاری نەبێت، بەڵام دڵنیایان دەکەینەوە تیمەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی، لەسەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی لە هەر شوێنێکی هەرێمی کوردستان پێویستییان بە ئێمە بێت، ئێمە لە خزمەتیاندا دەبین".

ئەمە لە کاتێکدایە، لە رۆژی چوارشەممەی رابردووەوە، 14-02-2024، شەپۆلێکی چڕی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتووەوە. لە چەند ناوچەیەکی هەرێم بەهۆی زۆری بارانبارینەوە، لافاو دروستبوو و زیان بەر چەند مالێک گەیشت.