بارسێلۆنا یاریزانێکی ئارسێناڵی کردووەتە ئامانج

گابرێل مارتێنێلی لە کاتی گۆڵکردن بەرامبەر مان سیتی
گابرێل مارتێنێلی لە کاتی گۆڵکردن بەرامبەر مان سیتی

بارسێلۆنا پلانی داناوە لە هاوینی داهاتوو گرێبەست لەگەڵ گابرێل مارتێنێلی، ئەستێرەی ئارسێناڵ و بەرازیل واژۆ بکات و کێشەی باڵی چەپی یانەکەی چارەسەربکات

بە گوێرەی هەواڵی رۆژنامەی "سەن"ی بەریتانی، بارسێلۆنا بۆ بەهێزکردنی هێڵەکانی چاوی بڕیوەتە تواناکانی مارتێنێلی تەمەن 22 ساڵ، هەرچەندە یاریزانەکە گرێبەستی لەگەڵ ئارسێناڵ تاکو ساڵی 2027 هەیە.

مارتێنێلی دوای چاکبوونەوەی لە پێکان ئێستا لەگەڵ ئارسێناڵ ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکات و بووەتە جێی متمانەی ئارتێتای راهێنەری یانە ئینگلیزییەکە.

یاریزانە بەرازیلییەکە لە ساڵی 2019 لە یانەی ئیتوانۆی وڵاتەکەیەوە پەیوەندی بە ئارسێناڵەوە کردووە و لە سەرەتای وەرزی رابردوو تا ئێستا توانیویەتی 20 گۆڵ تۆماربکات و 7 ئاسیستیشی هەیە و بە یەکێك لە کلیلە سەرەکییەکانی ئارسێناڵ دادەنرێت.

لە لایەکی دیکەوە رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆتیڤۆ هۆکاری گرنگیدانی بارسێلۆنا بۆ یاریزانەکەی ئارسێناڵ بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، کە یانە ئیسپانییەکە لە باڵی چەپی تیپەکەی کێشەی هەیە و دەیەوێت بەو یاریزانە چارەسەری بکات.

مارتێنێلی لە بۆرسەی یاریزانان نرخی 85 ملیۆن یۆرۆیە و لە ئێستادا بە یەکێك لە باشترین یاریزانانی باڵی چەپی جیهان ئەژماردەکرێت.