ژمارەیەک چەکدار بەناوی هێزی کۆماندۆ پەلاماری ئاسایشی بازگەیەک دەدەن

شاری کفری
شاری کفری

K24 - گەرمیان

ژمارەیەک چەکدار کە خۆیان بە ئەندامانی هێزی کۆماندۆی یەکێتی ناساندووە لە بازگەیەکی نزیک کفری پەلاماری ژمارەیەک ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی دەدەن و دوای تەقەکردن لە بازگەکە هەڵاتوون.

پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، كەمێك لەمەوبەر لە بازگەی كارێز - كفری  باشووری شارۆچکە کفری ژمارەیەك چەكدار بە جلوبەرگی مەدەنی، كە خۆیان بە كۆماندۆی یەکێتی ناساندووە، لەگەڵ كارمەندانی ئاسایشی بازگەكە دەبێتە دەمەقاڵەیان شەڕە تەقە لە نێوانیان دروستبووە.

لەبارەی هۆکاری شەڕەکە، سەرچاوەیەک کە نەیویست ناوی ئاشكرا بکرێت بە کوردستان24 راگەیاند، چەکدارەکان بە جلوبەرگی مەدەنی بوون و کارمەندانی ئاسایشی بازگەکەکەش داوای ناسنامەیان لێکردوون، بەم هۆیەوە دەمەقاڵێ و دواتر شەڕە تەقە لە نێوانیان روویداوە، بەڵام هیچ کەسێک دەستگیر نەکراوە.

بەگوتەی چەند شایەتحاڵێک، ئەو كەسانەی خۆیان بە هێزی كۆماندۆی یەکێتی ناساندووە، بە ئاراستەی پێچەوانە رۆیشتوون، بۆیە ئاسایشی بازگەکە داوای ناسنامەیان لێکردوون و دوای پەلاماردانی کارمەندانی بازگەکە و تەقەکردنی لە ئاسایش، چەکدارەکان هەڵاتوون.