سەعدی پیرە: پارتی و یەکێتی دەیانەوێت پارێزگاری کەرکووک کورد بێت

سەعدی پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
سەعدی پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

K24 - هەولێر

گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت، پارتی و یەکێتی دەیانەوێت پارێزگاری کەرکووک کورد بێت. دەشڵێت، هیچ وادەیەک بۆ کۆبوونەوەی نوێی نێوان هەردوولا دیارینەکراوە. 

ئەمڕۆ شەممە، 17-02-2024، سەعدی پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی کۆکن کە دەبێت پارێزگاری کەرکووک کورد بێت.

لەبارەی ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی باڵای هاوبەش لەنێوان هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی؛ سەعدی پیرە گوتی، "تاوەکو ئێستا هیچ وادەیەک بۆ ئەو کۆبوونەوەیە دیارینەکراوە".

پێشنیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە، 04-02-2024، کاتژمێر 11:00، هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە دەباشان، لە شاری سلێمانی کۆبوونەوە. کۆبوونەوەکە بۆ ماوەی سێ کاتژمێر و تاوەکو کاتژمێر 14:00 بەردەوام بوو.

دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، پارتی و یەکێتی راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە. بە گوێرەی راگەیەنداوەکە هەردوولا کۆک بوون "لەم قۆناغەدا لەپێناو بەرژەوەندی هاووڵاتییانی پارێزگای کەرکوک بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، پارێزگارێکی کورد دیاری بکرێت بۆ خزمەتی خەڵکی شارو شارۆچکەکان".

بۆ چارەسەری کێشە سیاسی و ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی، پارتی و یەکێتی هاوڕابوون، "لە ئاستێکی باڵا هەردوولا پێکەوە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بەگشتی و بژێوی و ژیان و خزمەتگوزاری و بودجە و مووچە بدەین بە تایبەتی".

دوای هەڵبژاردنی پارێزگاری میسان، لەسەر ئاستی ئەو 15 پارێزگایەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی تێدا بەڕێوەچوو، تەنیا ئەنجوومەنی پارێزگاکانی کەرکووک و دیالە سەرکەوتوونەبوون لە هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا لە نێوان لایەنە سەرکەوتووەکانی هەڵبژاردن.