پلانێکی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق ئاشکرا دەکرێت

رۆژنامەیەکی عەرەبی پلانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئاشکرا دەکات
رۆژنامەیەکی عەرەبی پلانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئاشکرا دەکات

K24 - هەولێر

رۆژنامەیەکی عەرەبی بە پشتبەستن بە سێ سەرچاوەی سیاسی لە عێراق پلانێکی چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشکرا دەکات کە دەیانەوێت بە بەشداری سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق زۆرینەی پەرلەمانی بەدەست بێنن.

رۆژنامەی شەرقولئەوسەت بە پشتبەستن بە زانیاری سێ سەرچاوەی سیاسی لە عێراق ئاشکرای دەکات، لایەنە شیعییەکان سەرقاڵی داڕشتنی پلانێکن بۆ هەڵبژاردنی ساڵی 2025 بۆ بەدەستهێنانی سێیەکی کورسی پەرلەمانی و، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەو هاوپەیمانێتیەدایە و، بۆ هاوسەنگکردن پشکی بۆ داندراوە.

شەرقولئەوسەت ئاشکرای دەکات پلانەکە لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە ئامادەکراوە لەسەر بنەمای ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەم دواییەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان.

بەگوێرەی راپۆرتەکەی شەرقولئەوسەت کە زانیاری گرنگی لەسەر خەمڵاندنەکانی هاوپەیمانیەتیەکە ئاشكرا کردووە. دەری دەخات لایەنە شیعییەکان وەکو کەسایەتییەکی سەنگین لەژینگەی سیاسیدا مامەڵە لەگەڵ سوودانی دەکەن و پێیان وایە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ناوبراو دەتوانێت 60  کورسی پەرلەمانی بەدەستبهێنێت.

لێکۆڵینەوەکە دان بەوەدا دەنێت کە سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق  لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا  مامەڵەیەکی هاوسەنگی لەگەڵ هێزە شیعییەکاندا کردووە بۆ دروستکردنی هاوپەیمانیەتێک لەبەرژەوەندی خۆیدا، بەڵام جەختیش لەوە دەکاتەوە ئەستەمە ئەم هێزانە بتوانن پلانەکە بەڕێوەببەن بەهۆی ناکۆکی و کێشەکانی نێوانیان.

هەروەها لە ئەگەری سەرگرتنی ئەو پلانە هاوکێشەی هێز لەنێو ماڵی شیعە گۆڕانکاری بەسەردا دێت بەو پێیەی سوودانی دەتوانێت لە خوولی داهاتووی پەرلەمان بەهێزتر دەربکەوێت .

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکە، هاوپەیمانێتی سوودانی هەر سێ پارێزگاری بەسرە و کەربەلا و واسیت لەخۆ دەگرێت کە پێشتر لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە رێگریکردن لە نوێکردنەوەی دەسەڵاتەکانیان شکستی هێنابوو، کە کۆی گشتی کورسییەکانیان 26 کورسی بوون.

 لایەنی دیکە کە سوودانی مەبەستییەتی هاوپەیمانیەتیان لەگەڵدا دروست بکات، تێکەڵەیەکن لە هێزە سیاسییەکان کە لە جووڵانەوەی خۆپیشاندانەکانی تیشرینەوە سەریان هەڵداوە؛ رێژەیەکن لەو هێزانەی کە پێشتر نوێنەرایەتیان لە پەرلەماندا نەبووە، هەروەها چەند حزبێکی دیکەی نزیک لە ئێران کە ئەنجامێکی بەرچاویان لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا بەدەستهێنا وەک ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی و پارتی چاکە کە لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا نزیکەی 25 کورسییان بەدەستهێنا.

ئەو سێ سەرچاوەیە دەڵێن تەنیا سوودانی لەهەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەماندا دەتوانێت نزیکەی 10 کورسی بەدەست بهێنێت  و، پێشبینی دەکرێت هاوپەیمانێتییە فراوانەکەی نزیکەی 60 کورسی بباتەوە کە زیاتر لە سێیەکی کورسییەکانی لایەنە شیعییەکان لەخۆدەگرێت، کە لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە خەمڵێنراوە بە نزیکەی 180 کورسی.