کەشناسی: بارانبارین تاوەکو دووشەممە بەردەوام دەبێت

بارانبارین
بارانبارین

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی رایدەگەیەنێت، بۆ ئەمڕۆ بارانبارین و هەورە بروسكە لە زۆربەی ناوچەكان بەردەوام دەبێت تا كاتەكانی ئێوارە.

رۆژی شەممە (17ـی شوباتی 2024) لەمیانەی راگەیەندراوێکدا بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن رایگەیاند، بۆ ئەمڕۆ بارانبارین و هەورە بروسکە لە زۆربەی ناوچەکان بەردەوام دەبێت تا کاتەکانی ئێوارە، هاوکات لە شەودا كاریگەریەكە لە سنووری پارێزگای هەولێر لاواز دەبێت و بارانبارین زیاتر لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان بەردەوام دەبێت.

لە راگەیەندراوەکەدا پێشبینی کەشوهەوای رۆژی یەکشەممە و دووشەمەش بڵاوکراوتەوە کە تێێدا هاتووە، رۆژی یەکشەممە بە گشتی ناوچەكە بارانبارینی پچڕپچڕی دەبێت لە كاتی جیاجیا، بەڵام لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان بارانبارین زیاتر دەبێت بەراورد لە ناوچەكانی تر تاكو شەو كاریگەریەكە لاواز دەبێت.

هەروەها بۆ رۆژی دووشەممە، لە كاتەكانی بەیانی كەش ئاسایی دەبێت ئاسمان نیچە هەور دەبێت و پاشان دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو لە دوای نیوەڕۆ نمە باران و بارانی مامناوەند بە شێوەی پچڕپچڕ لە كات و ناوچەی جیاجیا دەبارێت بە تایبەت لە ناوچە شاخاوییەكان.

هەر بە گوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، لە ماوەی ئەم چەند رۆژە پلەكانی گەرما بە نزیكەی 3 بۆ 6  پلە بەرز دەنەوە و خێرایی با لە نێوان 10 تــــا 15 كم دەبێت.