ژیار جەلال: تەواوی تیمەکانی شارەوانی لە ئامادەباشیدان

ژیار جەلال، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری ژینگەی هەولێر
ژیار جەلال، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری ژینگەی هەولێر

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری ژینگەی هەولێر، رایدەگەیەنێت؛ بەهۆی ئەو شەپۆلەی بارانبارینە ماوەی چوار رۆژە تیمەکانی شارەوانی لە حاڵەتی ئامادەباشیدان.

ئەمڕۆ شەممە (17ـی شوباتی 2024) ژیار جەلال، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری ژینگەی هەولێر، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوای ئەوەی کە کەشناسی پێشبینییەکانی کەشوهەوای چەند رۆژەی راگەیاند، تیمەکان خرانە حاڵەتی ئامادەباشی بۆ ئەوەی رێگربن لە روودانی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو.

بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری ژینگەی هەولێر، ئاماژەی بەوەدا، تەواوی چاڵەکان و رێڕەوەکانی ئاو پاککراونەتەوە، هەروەها ئەو شوێنانەی کە خاڵی لاواز بوون کێشەی کۆبوونەوەی ئاوی تێدا هەبوو لە رێگەی جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژە ئەو کێشانە چارەسەرکران.

ژیار جەلال، گوتیشی: بەهۆی ئەو بارانە زۆرە چوار رۆژە تیمەکانی شارەوانی لە حاڵەتی ئامادەباشیدان، هەروەها توانراوە بە کەمترین زیان دەرباز بین لەو شەپۆلە بارانە بەخوڕە، ئەوەش هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو رێکارانەی کە لە هاوینەوە گیراونەتەبەر.

بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری ژینگەی هەولێر، باسی لەوەشکرد، ئەمڕۆ هیچ شوێنێکی هەولێر مەترسی لەسەر نەبووە، "هەتاوەکو کاریگەری ئەو شەپۆلە بارانبارینە بەردەوام بێت تیمەکانی شارەوانی لە حاڵەتی ئامادەباشیدادەبن".

رۆژی سێشەممە (13ـی شوباتی 2024) ده‌سته‌ی كەشناسی عێراقی بڵاویكرده‌وه،‌ رۆژی چوارشه‌ممه‌ شه‌پۆلێكی بارانبارینی به‌خوڕ هه‌رێمی كوردستان و عێراق دەگرێته‌وه‌ و له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كانیش به‌فر دەبارێت، هەروەها ئەم شەپۆلەی دابارینە تا رۆژی شه‌ممه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان و ناوه‌ڕاستی عێراق به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌ڵام بۆ ناوچه‌كانی باشوور، پێشبینی ده‌كرێت ئێواره‌ی رۆژی هه‌ینی كۆتایی بێت.