پڕۆژەکانی حکومەتی هەرێم کاریگەرییەکانی بارانبارینی کەمکردووەتەوە

هەولێر
هەولێر

K24 – هەولێر:

پارێزگای هەولێر بۆ رووبەڕووبوونەوەی و کەمکردنەوەی کاریگەریەکانی لافاو بە دوو جۆر پلان کاریان لەسەر کردووە پلانی کورت خایەن وەکو پاکردنەوەی رێرەوە ئاوییە سرووشتییەکان و دروستکردنی ئاوبەری سندووقی و کۆنکرێتکردنی بەشیک لە رێرەوەکان، لە پلانی درێژخایەنیشدا 8 پۆند لە رابردوودا و لە ئێستاشدا 25 پۆند لە قۆناغی دروستکردندایە و بڕیاریشە 13 پۆندی دیکە دروست بکرێت.

دووساڵ بەر لە ئێستا بەهۆی پڕبوونی ئاوی کۆرنیشی هەولێر زیان بە چەند ماڵێک گەیشت بەڵام ئەمساڵ لە وەرزی بەهار و پایزدا 300 کیلۆمەتر رێڕەوە سرووشتییەکان خاوێنکرانە و رێرەوی دیکەش دروستکران، بەشێک لە رێڕەوەکانیش کۆنکرێت کران و چەند پردێکیش دروستکراون، هەروەها سەرەڕای بارانە بە لێزمەکەی چەند رۆژی رابردوو بەڵام هیچ زیانێکی نەبوو.

هاووڵاتییان بە کوردستان24ـیان راگەیاند، بەهۆی هەوڵ و هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە خۆی دەبینێتەوە لە خاوێنکردنەوە چاڵەکان و رێڕەوە ئاوییەکان، جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژە ستراتیژی کاریگەرییەکانی بارانبارین کەمبووەتەوە.

هاوکات ئاماژەیان بەوەشدا، تیمەکانی شارەوانیش 24 کاتژمێر لە ئامادەباشیدابوونە نەیانهێشتووە هیچ رووداوێکی نەخوازراو رووبدات.

دووساڵ بەر لە ئێستا گەڕەکی رۆشنبیری و دارەتوو بەهۆی لافاوەوە زیانێکی زۆریان بەرکەوت بەهۆی ئەوەی ئاوبەرە سندووقییەکان بچووک بوون و بەرگەی ئاوی رێرەوە سرووشتییەکانیان نەدەگرت بەڵام، بۆ ئەمساڵ 14 رێرەوی ئاوی گەورە لە هەولێر دروستکران و ئەو کێشەیەش چارەسەرکرا.

لای خۆیەوە رێباز حوسێن، بەڕێوەبەری ئاودێری هەولێر بە کوردستان24ـی گوت: بە سوپاسەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 18 ملیار دیناری بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاودێری هەولێر تەرخانکردووە بۆ جێبەجێکردنی 19 پڕۆژە، بوونی ئەم پڕۆژانە کاریگەری زۆر باشی دەبێت بۆ رێگریکردن لە لافاو.