نەتەوە یەکگرتووەکان لە قەتەر دۆخی ئەفغانستان تاوتوێ دەکات

K24 – هەولێر

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووە ئەمڕۆ یەکشەممە (18ی شوباتی 2024) لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، بۆ دووەمجارە بەبێ بەشداری حکومەتەکەی تاڵیبان کۆنفرانسێکی دوو رۆژ لە بارەی دۆخی ئەفغانستان بەڕێوەدەبات.

کۆنفرانسەکە بە سەرۆکایەتی، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و نوێنەری 20 وڵات و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکە بەڕێوەچوو.

دەربارەی کۆنفرانسەکە، وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی تاڵیبان چەند مەرجێکی پێشوەختەی پێشکەشی نەتەوە یەکگرتووەکان کردبوو، بەڵام بەهۆی قەبوڵ نەکردنی مەرجەکان، شەوی رابردوو بە بڵاوکردنەوەی راگەیەندراوێک، حکومەتی تاڵیبان رەتیکردەوە بەشداری کۆنفرانسەکە بکەن و رایگەیاندووە، "بەشداریکردن لەو کۆنفرانسانە بێ سوودە".

پێشووتر، ستێفن دوژاریک گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندبوو، نوێنەری وڵاتان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ تاڵیبان و لە کۆبوونەوەیەکی دیکەدا لەگەڵ ئافرەتان و چالاکی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەفغانستان کۆدەبنەوە.

بەگوێرەی زانیارییە دەزەپێکراوەکان، ئامانجی سەرەکی کۆنفرانس و گفتووگۆکان دامەزراندنی نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکانە لە کابۆلی پایتەختی ئەفغانستان.

ئەمە دووەمین کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکانە دەربارەی دۆخی ئەفغانستان لە قەتەر بەڕێوەدەچێت، لە دوای گەڕانەوەی بزووتنەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات، کۆنفرانسی یەکەم ساڵی رابردوو بەبێ بانگهێشتکردنی حکومەتەکەی تاڵیبان بەڕێوەچوو.

لەناوەڕاستی ئەیلولی 2020، یەكەم دانوستانی راستەوخۆی ئاشتەوایی حكومەتی ئەفغانستان و بزووتنەوەی تاڵیبان لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بەئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بەڕێوەچوو، بە ئامانجی کۆتاییهێنان بەو شەڕەی ساڵانێكی زۆرە لە ئەفغانستان بەردەوامە، بەڵام دوای شکستهێنانی دانووستانەکان لە دوای 20 ساڵ ئەمەریکا بڕیاریدا بە تەواوی هێزەکانی لە ئەفغانستان بکشێنێتەوە، دوای جێبەجێکردنی رێککەوتننامە لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان، لە (30ی ئابی 2021) دوا سەربازی ئەمەریکا فڕۆکەخانەی کابولی جێهێشت.

دوای نزیکەی دوو ساڵ و نیو لە گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات، دۆخی مرۆیی ئەفغانستان رووبەڕووی قەیرانێکی قوڵ بووەتەوە و بەگوێرەی راپۆرتێکی رێکخراوی یونیسێف 23 ملیۆن کەس لە ئەفغانستان پێویستیان بە هاوکاری مرۆییە، لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتوانی وڵاتەکە نزیکەی 43 ملیۆن کەسە.