گرووپە چەکدارەکانی عێراق شەڕی غەززەیان کردووەتە پاساوی دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا

گرووپە چەکدارەکان شەڕی غەززەیان کردووەتە پاساوی دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا
گرووپە چەکدارەکان شەڕی غەززەیان کردووەتە پاساوی دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا

K24 - هەولێر

گرووپە چەکدارەکان دەمێکە ویستی دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکایان لە عێراق هەیە، بەڵام شەڕی غەززە پاساوێکی باشی پێداون تا سۆزی شەقامی عێراقی بۆلای خۆیان رابکێشن و پەلە لەو کارەیان بکەن.

بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق کە لە ژمارەیەک گرووپی چەکدار پێکهاتووە؛ لەگەڵ هەر هێرشێک بۆسەر بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا پاساوی هێرشەکەیان بۆ پشتیوانییەکانی ئەمەریکا لە ئیسرائیل دەگێڕنەوە، بەڵام لێدوانێکی ئەبو ئالائی وەلائی، ئەمینداری کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا رەنگە تەواوی هاوکێشەکان پێچەوانە بکاتەوە.

ئەبو ئالائی وەلائی یەکێکە لەسەرکردەکانی بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی و دەڵێت، دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بەڵێنێکە پێش دەستپێکردنی شەڕی غەززە بە خۆیانداوە. ئاماژە بەوەش دەکات، "شەڕی غەززە دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق خێراتر دەکات".

لەلایەکی دیکەوە حەیدەر لامی، سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی بەکوردستان24ی راگەیاند، "عێراقییەکان بەمانەوەی ئەمەریکا رازی نین، بەڵکوو هەر لە 2003ـەوە دەیانەوێت ئەو هێزانە لەناو خاکی عێراق دەربکەن". رەتیشیدەکاتەوە هێزی ئەمەریکا لە عێراق تەنها راوێژکاری بێت، بەڵکو جەخت لەوەدەکاتەوە ئەو هێزانە تانک و فڕۆکە و چەکی دیکەی قورسیان پێیە.

عێراق بە بەرپرسانی حکومەت و فەرماندە سەربازییەکانی سوپا و حەشدی شەعبییەوە دروشمی دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکایان کردووە بەوێردی سەر زمانیان، بەڵام جیاوازییان هەیە لە میکانیزمی دەرکردنی ئەو هێزانە. بەشێکیان رێگەی دیپلۆماسییان پێباشە، بەشێکی دیکەشیان کە بەنزیک لەئێران ناسراون وەک کەتیبەکانی حیزبوڵا و نوجەبا مەیلیان بەلای بەکارهێنانی هێزدایە.

 لەبەرامبەردا ئەمەریکییەکان بەهیچ جۆرێک نیازی خۆیان بۆ کشانەوە نیشان نەداوە، هۆشداریشدەدەن، مەترسی تیرۆر هێشتا لەعێراق بنبڕنەکراوە.