سەرۆکی شاندی کۆنگرێسی ئەمەریکا لە میونشن پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتدەکاتەوە

نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و مايكل تێرنه‌ر ئه‌ندامى كۆنگرێسی ئەمەریکا
نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و مايكل تێرنه‌ر ئه‌ندامى كۆنگرێسی ئەمەریکا

K24 – هەولێر

لە پەراوێزی سێیەمین رۆژی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، سەرۆکی شاندی کۆنگرێسی ئەمەریکا پشتوانی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە و بە نێچیرڤان بارزانی راگەیاندووە، ئه‌مه‌ريكا لە ناوچەکەدا وه‌ك هاوپه‌يمان و هاوبه‌شێكى گرنگ لە عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت.

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە (18ی شوباتی 2024) لە سێیەمین رۆژی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ شاندێكى كۆنگرێسى ئه‌مه‌ريكا به‌ سه‌رۆكايه‌تيى ئه‌ندامى كۆنگرێس مايكل تێرنه‌ر كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مه‌ريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دۆخى عێراق و ره‌وشى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و دوايين پێشهاته‌كانى گفتوگۆى نێوانيان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، تاوتوێكران.

شانده‌كه‌ به‌رده‌وامی پشتگيريى كۆنگرێسى ئه‌مه‌ريكاى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕیوە و دووپاتیكردووەته‌وه‌، ئه‌مه‌ريكا به‌ بايه‌خێكى زۆره‌وه‌ وه‌ك هاوپه‌يمان و هاوبه‌شێكى گرنگى خۆى له‌ ناوچه‌كه‌ له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت. لاى خۆيه‌وه‌ نێچيرڤان بارزانى، سوپاسى پشتگيريى به‌رده‌وامى كۆنگرێسى ئه‌مه‌ريكاى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد.

مه‌ترسى و هه‌ڕه‌شه‌كانى تيرۆر له‌ ناوچه‌كه‌ و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.