دانیشتنی دادگای فیدراڵی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان دواخرا

باڵەخانەی دادگای فیدراڵی
باڵەخانەی دادگای فیدراڵی

K24 - هەولێر

بۆ جاری 11ـەیەم دانیشتنی دادگای فیدراڵی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بۆ رۆژی 21-02-2024 دواخرا.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، 18-02-2024، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی چەند سکاڵایەک لەنێویشیاندا سکاڵای تایبەت بە پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. دادگاکە جارێکی دیکە بڕیاردانی لەبارەی سکاڵاکە بۆ رۆژی چوارشەممە، 21-02-2024 دواخست.

ماددەکان تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی و فرە بازنەیی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان و، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراون.

ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو، دواخستنی بەردەوامی دانیشتنەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی سکاڵاکە جێگەی گومانە. ئاماژەی بەوەش کردبوو، هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك له‌ كورسی كۆتاكان بكرێت، ده‌بێت به‌ راوێژ له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی پێكهاته‌كان بكرێت.

پێشتر نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکدا رۆژی 25ـی شوباتی 2024ـی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی دەستنیشان کردبوو؛ بەڵام دواتر سکاڵاکەی دژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژارنەکانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان راگرت و، کۆمیسیۆن رایگەیاند، ناتوانن لە وادەی خۆیدا ئامادەکارییەکان تەواو بکەن.

ئەو ماددانەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە:

ماددەی یەکەم (1): پەرلەمانی کوردستان – عێراق لە (111) سەد و یازدە ئەندام پێکدێت.

ماددەی نۆیەم (9): هەرێمی کوردستان – عێراق بە یەک ناوچەی دەنگدان دادەندرێت و، بەسەر چەند مەرکەزێکی دەنگداندا دابەش دەکریت.

ماددەی پازدەم (15): بۆ هەرێمی کوردستان، خشتە بەناوی دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی مەرکەزەکانی هەڵبژاردن ئامادە دەکرێن و بە ریزبەندی پیتە ئەبجەدییەکان رێکدەخرێن کە پیشە و ناونیشانیان و بەروار و جێگەی لەدایکبوونیان تێدا تۆمارکراوە. ئەگەر لە توانادا نەبوو ئەوە بکرێت، ئەو کاتە دەستەی باڵا بۆی هەیە رێگەیەکی دیکەی لەبارتر بۆ وەدی هێنانی مەبەستی پێویست دیاریبکات.

ماددەی بیست و دووەم (22):

1. هەر کیانێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان – عێراقدا بۆی هەیە لیستێکی تایبەت بە ناوی پالێوراوەکانی خۆی لەسەر ئاستی کوردستان – عێراق بکات کە رێژەیەکی ئافرەتی تێیدا بێت لە سەدا 30 کەمتر نەبێت و، ناوی پالێوڕاوەکانیش بە شێوەیەک ریزبەند کرابن کە نواندنی رێژەی ناوبراوی ئافرەتان لە پەرلەماندا گەرەنتی بکات. بە مەرجێک ژمارەی پاڵێوراوەکان لە هەر لیستێکی هەڵبژاردندا لە سێ پالێوڕاو کەمتر نەبن.

2. لیستی پاڵێوراوەکان لە ماوەی (15) رۆژدا لە رێککەوتی راگەیاندنی وادەی هەڵبژاردن پێشکەش بە سەرۆکی دەستەی باڵا دەکرێت و هەموو بەڵگەنامەیەکی پێوە دەلکێندرێت کە لە ماددەی 21ـدا داواکراون.

ماددەی سی و شەشەم (36):

1. پێنج کورسی بۆ کلدان، سریان ‌و ئاشووری تەرخاندەکرێت. پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن.

2. پێنج کورسی بۆ تورکمان تەرخاندەکرێن و، پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن.

3. یەک کورسی بۆ ئەرمەن تەرخاندەکرێت و، كاندیده‌كانى ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن.