پێنتاگۆن: ئەگەر هاوکاری ئۆکرانیا نەکرێت بەرگری ئەو وڵاتە دادەڕوخێت

شاری ئەڤدیڤکا، ئۆکرانیا
شاری ئەڤدیڤکا، ئۆکرانیا

K24 - هەولێر

رۆژێک بەر لە کەوتنی شاری ئەڤدیڤکای ئۆکرانیا، بە دەستی هێزەکانی رووسیا، سەرکردە سەربازییەکانی ئیدارەی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا رەشبین بوون لەوەی کە کەوتنی ئەو شارە وەکو پولی یاری دۆمینەی لێبێت و کەوتنی شارەکانی دیکەشی بەدوا دابێت.

سەرکردە سەربازییەکانی پێنتاگۆن زۆر نیگەرانن لە هێرشەکەی رووسیا کە ماوەیەکی زۆرە پلانیان بۆ گرتنی شارەکە داناوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە  ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەکات، تاوەکو بەڵگەی یەکلاییکەرەوەی سیاسەتی شەڕی خۆی پیشکەش بکات نەک تەنیا بۆ ئۆکرانیا بەڵکو بۆ هەموو رۆژئاوا.

کەوتنی شاری ئەڤدیڤکا کە سەردەمانێک نزیکەی 30 هەزار کەسی تێدا دەژیا بەڵام ئێستا وێران بووە، یەکەم دەستکەوتی گەورەیە کە هێزەکانی رووسیا لە مانگی ئایاری رابردووەوە بەدەستی هێناوە، هێزەکانی رووسیا لە چەند هەفتەی رابردوودا درێژەیان بە هێرشەکانیان داوە بە درێژایی بەرەی شەڕ.

رووسیا بە پشتبەستن بە باڵادەستی خۆی لە بواری سەرباز و چەکدا، شارەکەی لە رێگەی ئاسمانی و وشکانییەوە بۆردومان کرد، تەنانەت لە کاتێکدا سوپاکەی زیانێکی زۆری بەرکەوت. هێزەکانی ئۆکرانیا بەدەست کەمی چەکەوە دەناڵێنێت، لەرۆژی چوارشەممەی رابردووەوە دەستیان کرد بە کشانەوە لە پێگەکانیان لە بەشی باشووری شارەکە.

بە گوتەی شرۆڤەکارانی سەربازی، تەنانەت ئەگەر هێڵەکانی ئۆکرانیا لە دواوەی ئەڤدیڤکا سەقامگیریش بن، رێگە بە سوپای رووسیا دەدات کە هێز و ئامێرەکانی بە شێوەیەکی کاراتر بجوڵێنێت و لە هەمان کاتدا فشار بخاتە سەر ئاراستەکانی دیکە.

سوپای ئۆکرانیا شەوی هەینی رایگەیاند کە بە مەبەستی پاراستنی ژیانی سەربازەکانی لە شارەکە دەکشێتەوە، سوپای ئۆکرانیا دوای چەند مانگێک شەڕ و وێرانکاری و لە دژی هێزەکانی رووسیا کە لە مانگی ئۆکتۆبەرەوە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی شارەکە دەدەن، ئەم بڕیارەی داوە.

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن رایگەیاند، کشانەوەی لە ئەڤدیڤکا "بڕیارێکی دادپەروەرانەبوو بۆ رزگارکردنی ژیانی زۆرترین خەڵک"، ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ئەوەی گەمارۆ نەدرێین، بڕیارماندا بەدرێژایی هێڵەکانی دیکە بکشێینەوە.

میکۆلا بێلیسکۆڤ، شرۆڤەکاری سەربازی لە پەیمانگای نیشتمانی بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکانی ئۆکرانیا دەڵێت: "ئەڤدیڤکا خاڵێکی بەهێزی زۆر گرنگە لە سیستەمی بەرگری ئۆکرانیادا، چونکە پارێزگاری لە پۆکرۆڤسک دەکات کە نزیکەی 50 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژئاواوە دوورە و ناوەندێکی لۆجستییە بۆ سوپای ئۆکرانیا، دەشڵێت: "کۆنتڕۆڵکردنی ئەڤدیڤکا رەنگە دەرفەتێک بۆ رووسیا دروست بکات".

لێدوانەکانی بەرپرسانی سەربازیی ئۆکرانیا باسیان لەکەمی تەقەمەنی و پێداویستییە سەربازییەکانی دیکە کرد، دەڵێن: ئێمە ئەمە وەک شتێک دەبینین کە دەتوانێت ببێتە پێشبینی ئەوەی کە لە داهاتوودا ئەگەر ئەم پارە زیادەیە بەدەست نەهێنین، تووشی دابینکردنی تەقەمەنی دەبێتەوە.

ئاماژەیان بەوەشکرد، لەم کاتەدا ئەمەریکا گەورەترین بەخشەر نییە بۆ ئۆکرانیا کاتێک باس لە هاوکاری ئەمنی یان هاوکاری ئابووری دەکرێت.