زۆرترین ماددەی هۆشبەر لە ئێرانەوە بە قاچاغ دەهێندرێتە عێراق

ئێران هەناردەکاری یەکەمی ماددەی هۆشبەرە بۆ عێراق
ئێران هەناردەکاری یەکەمی ماددەی هۆشبەرە بۆ عێراق

K24 - هەولێر 

رۆژ بە رۆژ ژمارەی بازرگان و بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر لە عێراق زیاتر دەبێت. مەترسیی ئامارەکان، وەزیرانی ناوخۆی عێراق، ئوردن، سووریا و لوبنانی لەپێناو دانانی رێگەچارەیەک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دیاردەکە کۆکردەوە.

لەم چەند ساڵەی دواییدا، عێراق کراوە بە شوێنی ساخکردنەوەی ماددەی هۆشبەری وڵاتانی دیکە. ژمارەی بازرگان و بەکارهێنەرانی ئەو ماددانە تادێت زیاتر دەبێت و خەریکە لە کۆنتڕۆڵی حکومەت دەردەچێت.

ئامارەکانی بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر بەجۆرێک مەترسیدارن، وەزیرانی ناوخۆی هەر چوار وڵاتی عێراق، ئوردن، سووریا و لوبنانی لەپێناو دانانی رێگەچارەیەک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دیاردەکە لە عەممانی پایتەختی ئوردن کۆکردەوە.

دوایین ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەریدەخەن، لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا، زیاتر لە 1200 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر بە قاچا‌غ هاوردەی نێو خاکی عێراق کراون و لەو ماوەیەدا زیاتر لە 50 هەزار کەس لە بازرگان و بەکارهێنەران دەستگیرکراون، کە زۆرینەیان تەمەنییان لە نێوان 18 بۆ 35 ساڵیدایە.

هەر بەگوێرەی ئامارەکان، ماددەی کریستاڵ و حەشیش و حەبی کەپتاگۆن زۆرترین بەکارهێنەریان لە عێراقدا هەیە، کە نرخی هەر گرامێک لە کریستاڵ بەنزیکەی 90 هەزار دینار کڕین و فرۆشتنی پێوەکراوە. ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاشکرای دەکەن، ئێران بە پلەی یەکەم و ئەفغانستان بە پلەی دووەم و سووریا و لوبنانیش بە پلەی سێیەم و چوارەم، بە سەرچاوەی سەرەکی جۆرەکانی ماددەی هۆشبەرن کە بە قاچاغ لێیانەوە دەهێندرێتە عێراق.

بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، کۆبوونەوەکەی رۆژی رابردووی نێوان وەزیرانی دەرەوەی عێراق، ئوردن، لوبنان و سووریا ئامانجی لێی دەستپێکردنی هەماهەنگییەکی خێرای نێوان ئەو چوار وڵاتە بووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی بڵاوبوونەوەی مەترسیداریی ماددە هۆشبەرەکان بووە لە ناوچەکەدا.