گەرمەهێڵی هاوکاری بۆ گەڕەکە بێئاوەکانی هەولێر تەرخان دەکرێت

پڕۆەژی ئاوی ئیفراز
پڕۆەژی ئاوی ئیفراز

K24 – هەولێر:

پڕۆسەی بەرهەمهێنانی ئاوی پاك لە پڕۆژەی ئیفرازی دوو لە شاری هەولێر وەستاوە و، ئەو گەڕەکانەی کە بێئاو بوونە دوو گەرمەهێڵی داواکاردنی هاوکاری لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر دابین کراون.

لە ئەنجامی لێدانی هەورەبروسکە لە بەشی کارەبای پڕۆژەی ئیفرازی دوو لە شاری هەولێر، بەشێك لە گەڕەکەکانی هەولێر بێئاو بوون، بۆ بەهاناوەچوون و دابینكردنی خزمەتگوزاریی ئاو لەو گەڕەكانە، دوو گەرمەهێڵی داواكردنی هاوكاری لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر دابین كراون.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردووەتەوە، ژمارەكانی گەرمەهێڵی هاوكاری بریتین لە (07508515105) و (07504467378)، كە هاووڵاتییانی ئەو گەڕەكە دیاریكراوانە لە كاتی پێویستیدا دەتوانن پەیوەندی بەو ژمارانە بکەن و داوای هاوكاری بكەن.

رۆژی هەینی (16ـی شوباتی 2024) زەردەشت سەرسام، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر بە  کوردستان24ـی راگەیاند، پڕۆژەی ئاویئیفراز دوو بە تەواوی وەستاوە بەهۆی ئەوەی هەورە تریشقە لێیداوە، گوتیشی: تیمەکان لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی ئەو گرفتە چارەسەربکەن، بەڵام ئەگەر بەشێوەیەکی خێراش کاربکەن ئەوە بە لایەنی کەمەوە چاککردنەوەی ئەم پڕۆژەیە 15 رۆژی دەوێت، لە ئەنجامدا بەشێک لە گەڕەکەکانی هەولێر بۆ ماوەیەکی کاتی بێئاو دەبن.

بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر، ئاماژەی بەوەشدا، راستە ئاوی رووبار شێلو بووە، بەڵام "تیمەکانمان توانیویانە پڕۆژەکانی ئیفراز یەک و سێ بەگەڕبخەنەوە، کە ئەمەش دوو پڕۆژەی سەرەکین کە ئاو بۆ زۆرینەی گەڕەکەکانی هەولێر دابین دەکەن".

ئاماژەی بەوەشدا، چەند تانکەرێک دابین دەکرێن بۆ دابەشکردنی ئاو بەسەر ئەو گەڕەکانەی کە سەر بە پڕۆژەی ئیفراز دوون".