فایەق زێدان: دروستکردنی هەرێمی دیکە لە عێراق قبوڵ ناکەین

فایه‌ق زێدان، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌ریی عێراق
فایه‌ق زێدان، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌ریی عێراق

K24 – هەولێر:

سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، دروستکردنی هەرێمی دیکە لە عێراق قبوڵناکەن، چونکە یەکپارچەیی خاکی وڵات دەخاتە مەترسییەوە.

لە بارەی بوونی هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی دەستووریی، فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، هەرێمی کوردستان لەپێش دەستوورەوە هەبووە، ئەوەش بەرئەنجامی سیاسەتی هەڵەی رژێمی پێشوو بووە.

دژایەتییە روونەکانی فایەق زێدان بۆ سیستەمی فیدراڵی لەکاتێکدایە، ماددەکانی 119 و 120ـی دەستووری هەمیشەیی عێراق رێگە بەپارێزگایەک یاخود چەند پارێزگایەک دەدات بە راپرسی یاخود دەنگدانی یەک لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی ئەو پارێزگایە هەرێم دروستبکەن.

ئەمەش بەرای چاودێران، لە بەرزترین ئاستی دەسەڵاتی دادەوەرییەوە زەنگی دژە فیدراڵیەت لە عێراق لێدرا، کاتێک فایەق زێدانی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دروستکردنی هەرێمی دیکە لەعێراق بە هەڕەشە لەسەر یەکپارچەی وڵات ناودەبات.

لەدوای روخانی رژێمی بەعس، بەچاودێری ئەمەریکییەکان عێراق وەک وڵاتێکی فرەنەتەوە و ئایین، سیستەمی فیدراڵی تێدا چەسپێندرا. بەڵام دوای تێپەڕبوونی نزیکەی 20 ساڵ لە چەسپاندنی سیستمی فیدراڵی، بەرپرسانی بەغدا رێگری  لە چەسپاندنی تەواوەتی ئەو سیستمە دەکەن کە بنەمایەکی سەرەکی دروستکردنی هەرێم و دابەشکردنی دەسەڵاتەکانە وەک لە دەستووری ساڵی 2005ـدا باسکراوە.

قسەکانی فایەق زێدان دەکرێت باشترین نموونەبن بۆ دژایەتیکردنی سیستمی فیدراڵی و گەڕانەوە بۆ ناوەندگەریی لەعێراقدا. فایەق زێدان دەڵێت: دروستکردنی هەرێمێکی دیکە لەعێراق رەتدەکەنەوە، چونکە هەڕەشەیە لەسەر یەکپارچەیی خاکی وڵات. باسی لەوەشکردووە، واقیعی هەرێمی کوردستان لەپێش نووسینەوەی دەستوورەوە هەبووە، ئەوەش دەرئەنجامی لێکەوتە نەرێنییەکانی سیاسەتی شکستخواردووی رژێمی پێشووە. لەدرێژەی قسەکانیدا سەرۆکی ئەنجوومەنی دادەوەری ئاماژە بەوەدەدات، هەلومەرجی ئێستا جیاوازە لەوکاتەی دەستووری تێدا نووسرا.

هەروەها پاڵپشتێکی دیکە بۆ سیستەمی فیدراڵی لە عێراق ماددەی 120ـی دەستوورە کاتێک بەڕوونی ئەوەدەخاتەڕوو: هەرێمەکان دەستوورێك بۆخۆیان دادەڕێژێن، هەڕەمى دەسەڵاتەكانى هەرێم و ميكانيزمى بەكارهێنانى ئەو دەسەڵاتانە دياريدەکەن بە مەرجێك ناكۆك نەبێت لەگەڵ دەستووردا.