سائیر بەیاتی: ئەزموونی هەرێمی کوردستان ئەزموونێکی پێشەنگە بۆ سووننەکانی عێراق

كه‌ره‌م خه‌زعه‌لی: دروستبوونی هەرێمی نوێ واتا دابەشکردنی عێراقە
سائیر بەیاتی، ئەمینداری بەرەی خەڵاسی عێراقی و كه‌ره‌م خه‌زعه‌لی، ئه‌ندامی ره‌وتی حیكمه‌
سائیر بەیاتی، ئەمینداری بەرەی خەڵاسی عێراقی و كه‌ره‌م خه‌زعه‌لی، ئه‌ندامی ره‌وتی حیكمه‌

K24 – هەولێر:

ئەمینداری بەرەی خەڵاسی عێراقی رایدەگەیەنێت، داواکاری سوونننەکان بۆ دروستبوونی هەرێمێکی نوێ دەستوورییە. هاوکات گوتیشی: "ئێمە پێویستمان بەوەیە لە هەرێمی کوردستانەوە فێر بێن کە چۆن دەوڵەت بەڕێوەببەین".

سائیر بەیاتی، ئەمینداری بەرەی خەڵاسی عێراقی، لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات رایگەیاند، سووننەکان دەیانەوێت هەرێمێک بۆخۆیان دروست بکەن لە چوارچێوەی یاسا و دەستوور، بۆ ئەوەی کۆتایی بە کۆچکردنی زۆرملێی سووننەکان بهێندرێت، هەورەها شارەکانیش لەدەست گرووپەکانی حەشدی شەعبی رزگاربکرێن.

ئەمینداری بەرەی خەڵاسی عێراقی، ئاماژەی بەوەدا، "زیاتر لە 700 هەزار ئاوارەی سووننی لە هەرێمی کوردستان هەن، بەباشترین شێوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێن، ماوەی 10 ساڵە داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین چارەسەرێک بۆ بارودۆخمان بدۆزێتەوە، بۆیە داوامانکردووە هەرێمێک وەک هەرێمی کوردستان بۆ ئێمە دروستبکرێت، هیواخوازین هەنگاوێکی هاوشێوەیە هەرێمی کوردستان بهاوێژرێت و هەرێمێکی عەرەبیمان بۆ دروست بکرێت".

سائیر بەیاتی، دەڵێت: "شارەکانمان وێرانبوونە و گرووپەکان کۆنترۆڵیان کردووە، بۆیە بەهەرێمبوون کێشەکانمان چارەسەر دەکات و بەدوردەبین لە گەندەڵی و  تیرۆر و گرووپە میلیشیاکان".

ئەمینداری بەرەی خەڵاسی عێراقی، باسی لەوەشکرد، "پێکهاتەی سووننە ماوەی 20 ساڵە لە عێراق بە ئامانج دەگیرێن، چونکە شیعەکان دەیانەوێت تۆڵەی رژێمی پێشووی عێراق لە سووننە بکەنەوە".

سائیر بەیاتی، لەبارەی هەرێمی کوردستان گوتی: ئەزموونی هەرێمی کوردستان ئەزموونێکی پێشەنگە بۆ سووننەکان، لە هەمووشی گرنگتر ئەو ئاسایش و سەقامگیرە لە هەرێم هەیە لە عێراق نییە.

گوتیشی: "ئێمە پێویستمان بەوەیە لە هەرێمی کوردستان فێر بێن کە چۆن دەوڵەت بەڕێوەببەین".

كه‌ره‌م خه‌زعه‌لی: دروستبوونی هەرێمی نوێ واتا دابەشکردنی عێراقە

كه‌ره‌م خه‌زعه‌لی، ئه‌ندامی ره‌وتی حیكمه‌، لە بەرنامەی باسی رۆژدا بە ژینۆ محەممەدی راگەیاند، لە دەستووری عێراقدا بابەتی بەهەرێمکردنی پارێزگاکان هەیە و شتێکی ئاساییە، بەڵام دەبێت بەڕێوشوێنە یاساییەکاندا تێپەربێت.

ئەو ئه‌ندامەی ره‌وتی حیكمه‌، دەڵێت: "میلیشیاکان کۆنترۆڵی عێراقیان نەکردووە، حەشدی شەعبی بەشێکە لە دامەزراوەی ئەمنی عێراق و فەرمان لە سوودانی وەردەگرن و میلیشیای لە یاسا دەرچوو نینە".

كه‌ره‌م خه‌زعه‌لی، ئاماژەی بەوەدا، دروستبوونی هەرێمێکی نوێ واتا دابەشکردنی عێراقە، هەروەها لە هەموو ناوچەکانی عێراق سەقامگیرییەکی سیاسی هەیە کە بووەتە هۆی سەقامگیرییەکی باشی ئەمنی، بەڵام بابەتی لاوەکی پێچەوانەی ئەو سەقامگیرییە کە لە ئێستادا لە پارێزگاکانی عێراقدا هەیە.

ئەو ئه‌ندامەی ره‌وتی حیكمه‌، گوتی: هەندێک لە خەڵکی دەرەکی هەیە لە عێراق کە دەیانەوێت بارودۆخی ناوچەکانی عێراق تێک بدەن، هەروەها بەشێکی کەمی سووننەکان داوای بەهەرێمکردن دەکەن.

كه‌ره‌م خه‌زعه‌لی، گوتیشی: "لەم بارودۆخەی ئێستای عێراق ئەو پرسە رەت دەکەیەنەوە، چونکە داعش هێشتا هەڕەشەی بۆ سەر ئەو ناوچانە بۆیە دەبێت ناوچەکان لەژێر دەسەڵاتی سوپای عێراق بن بۆ ئەوەی پارێزراو بن".

ئەو ئه‌ندامەی ره‌وتی حیكمه‌، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، ناوچەکانی عێراق تازە ئازادکراون، پێویستە حکومەت سەرەتا ئەو ناوچانە ئاوەدان بکاتەوە و کێشەکان چارەسەر بکات، هەروەها دەبێت بناغەیەکی باش دروست بکرێت، ئینجا ئەو کات بێن باسی دروستی کردنی هەرێم بکەن.