جیاوازی سعوودیە و عێراق بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ داهاتی نەوت

بەهۆی گەندەڵییەوە عێراق نەیتوانیوە سوود لە داهاتی نەوت وەربگرێت

K24 – هەولێر:

 سعوودیە و عێراق هەردووکیان وەک سەچاوەی سەرەکی داهات پشت بەنەوت دەبەستن، بەڵام جیاوازی لەئیدارەدان و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو سامانە سروشتییە، سعودیەی کردووە بەیەکێک لە دەوڵەمەندترین و خۆشگوزەزانترین وڵاتەکانی جیهان، لەبەرانبەردا؛ نەوت، عێراقی کردووە بە وڵاتێکی گەندەڵ و پڕ لەخەڵکی هەژار و بێکار، داهاتی تاکێکی سعوودی ساڵانە زیاترە لە 35 هەزار دۆلار، بەڵام داهاتی تاکێکی عێراقی کەمترە لە شەش هەزار دۆلار.

دوو وڵاتی دەوڵەمەند بەیەک سەرچاوەی سروشتی، بەڵام جیاوازی لە بەڕێوەبردن و دیدگای بەرپرسەکانیان بۆ مامەڵەکردن بەو سەرچاوەیە، وڵاتێکییانی کردووە بەخاوەنی یەکێک لەبەهێزترین ئابوورییەکانی جیهان و ئەوی دیکەشی کردووە بەوڵاتێکی گەندەڵ و هەژارنشین.

عێراق و سعوودییە هەردووکیان خاوەنی سامانێکی گەورەی نەوتین، سعودیە پلەی یەکەم و عێراقیش پلەی دووەمی لە ریزبەندی گەورەترین یەدەگی نەوتی وڵاتانی عەرەبی گرتووە. بەڵام ئەو نەوتە بۆ سعوودیە بووەتە نیعمەت و مایەی خۆشگوزەرانیی و بۆ عێراقییەکانیش بووەتە هۆی زیادبوونی گەندەڵی، هەژاریی و بێکاری.

جیاوازی نێوان سعوودیە و عێراق وەک دوو وڵات کە بۆ ئابوورییەکەیان پشت بە نەوت دەبەستن بەم جۆرەیە، داهاتی ناوخۆی سعوودیە یەک ترلیۆن و 100 ملیار دۆلارە، بەڵام داهاتی ناوخۆی عێراق 264 ملیار دۆلارە. داهاتی ساڵانه‌ی تاک لەسعوودیە 35 هەزار و  280 دۆلارە، لەبەرامبەردا داهاتی تاکێکی عێراقی شەش هەزار دۆلارە.

یەدەگی دراوی بیانی لەبانکی ناوەندی سعوودیە 500 ملیار دۆلارە، بەڵام یەدەگی دراوی بیانی عێراق 110 ملیار دۆلارە و لە ئەمریکا هەڵگیراوە.

شانشینی عەرەبستانی سعوودیە بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بەنەوت لە 10 ساڵدا بەبەهای حەوت ترلیۆن دۆلار وەبەرهێنان لەکەرتە جیاوازەکاندا دەکات، بەڵام عێراق پلانی هەیە تەنها 25 ملیار دۆلار بەو مەبەستە خەرج بکات.

رێژەی هەژاری لە سعوودیە بەپێی ئامارەکانی بەرنامەی خۆراکی جیهانی لەسەدا 12 یە، بەڵام رێژەی هەژاری لە عێراق لەسەدا 32ی تێپەڕاندووە.

رێژەی بێکاری لە سعوودیە تەنها لەسەدا پێنجە، بەڵام رێژەی بێکاری لە عێراق لەسەدا 26 ە.

هەڵگری پاسپۆرتی سعوودی دەتوانێت گەشت بۆ 60 وڵات بکات بەبێ وەگرتنی ڤیزا لەناویشیاندا بەریتانیا، بەڵام ئەوانەی خاوەنی پاسپۆرتی عێراقی دەتوانن گەشت تەنها بۆ 13 وڵات بکەن بەبێ ڤیزا، زۆرینەی ئەو وڵاتانەش لەقەیرانی سیاسی و ئابووریدا قوڵدا دەژین.

جیاوازییەکانی عێراق و سعوودیە:

بەرهەمی ناوخۆی سعوودیە / یەک ترلیۆن و 100 ملیار دۆلار

بەرهەمی ناوخۆی عێراق / 264 ملیار دۆلار

داهاتی ساڵانەی تاک لەسعوودیە / 35,280 دۆلار

داهاتی ساڵانەی تاک لەعێراق / 6,000 دۆلار

یەدەگی دراوی بیانی لە سعوودیە / 500 ملیار دۆلار

 یەدەگی دراوی بیانی لە عێراق / 110ملیار دۆلار

وەبەرهێنان لە سعوودیە لە 10 ساڵی داهاتوودا / حه‌وت ترلیۆن دۆلار

وەبەرهێنان لە عێراق / 25 ملیار دۆلار

رێژەی هەژاری لە سعوودیە / 12%

رێژەی هەژاری لەعێراق / 32%

رێژەی بێکاری لە سعوودیە / 5%

رێژەی بێکاری لەعێراق / 26%

ئەو وڵاتانەی هاووڵاتی سعوودی دەتوانێت بێ ڤیزا گەشتی بۆ بکات / 60  وڵات

ئەو وڵاتانەی هاووڵاتی عێراقی دەتوانێت بێ ڤیزا گەشتی بۆ بکات / 13 وڵات