دەم پارتی: لە هەڵبژاردنی 31ـی ئادار هەموو قەیومەکان بەلاوەدەنێین

راگەیاندنی بەیاننامەی هەڵبژاردنی دەم پارتی
راگەیاندنی بەیاننامەی هەڵبژاردنی دەم پارتی

K24 – هەولێر:

پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) بەیاننامەی هەڵبژاردنی راگەیاند و هەموو ئەو بەڵێنانەی ئاشکراکرد کە لە ئەگەری سەرکەوتنیدا جێبەجێی دەکات.

رۆژی یەکشەممە (18ـی شوباتی 2024) تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند، بەرەو هەڵبژاردنێکی یەکلاکەرەوە هەنگاو دەنێن و دەیانەوێت دیموکراسی بۆ پارێزگاکان بگەڕێننەوە.

هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتیشی، بەڵێنیان بە هاوڕێیانی بەندیخانەکان داوە و هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی سەرکەوتووبن.

تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بەوەشکرد: "هەڵبژاردنێکی یەکلاکەرەوەیە، ئەمە تەنیا هەڵبژاردنێکی ئاسایی نییە، چاوی هەموو لایەک لەم هەڵبژاردنە دایە، گەلەکەمان، دایکانی ئاشتی، هاوڕێیانمان لە بەندیخانەکان. بە دروشمی کۆتاییهێنان بە تاڵانکارییەکانی قەیوم، دزینی ئیرادە، گەندەڵی، بێئاوکردنی پارێزگاکان و عەقڵیەتی قازانجی نادادپەروەرانە بەسەریاندا سەردەکەوین"

باکرهان رایگەیاند: "لەرێگەی ئەم هەڵبژاردنەوە دیموکراسی بۆ پارێزگاکان دەگەڕێنینەوە و ئازادیان دەکەین" و جەختی کردەوە، سیستمی قەیوم دەستکەوتی ئافرەتانی لە ناو ئیدارە خۆجێییەکان لەناوبردووە، لە هەڵبژاردنی 31ـی ئادار هەموو قەیومەکان بەلاوەدەنێن.

هاوکات تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە کۆنفرانسی راگەیاندنی بەیاننامەی کاندیدە ئافرەتەکانی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان گوتی، لەناو سیاسەتی تورکیا دەم پارتی تاکە پارتە بەرگری لە مافی ئافرەتان لەناو سیاسەت و بەرگری لە یەکسانی جێندەر دەکات.

تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، گوتیشی: "لەناو سیاسەتی تورکیا دەم پارتی تاکە پارتە بەرگری لە مافی ئافرەتان لەناو سیاسەت و بەرگری لە یەکسانی جێندەر دەکات. سیستمی هاوسەرۆکی لە تورکیا ل هیچ پارتێکی دیکەدا نییە، بەداخەوە سیستمی سیاسی پۆستی سیاسی تەشریفاتی بە ئافرەتان دەدات و نایەڵێت ئافرەتان ببن بە دەنگی پارتەکان".

هاتیمئۆغوڵڵاری باسی لەوەشکرد: "وەک هاوسەرۆکە ئافرەتەکان لێپرسینەوە لەوانە دەکەین کە قەییومیان خستووەتە سەر شارەوانییەکانمان، لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو قەیومانە دەکەین کە بوونە هۆی لەناوبردنی دەستکەوتی ئافرەتان لە ئیدارە خۆجیییەکان. لە هەڵبژاردنی 31ـی ئادار هەموو قەیومەکان دادەماڵین و شارەوانییەکانمان بەڕووی هاووڵاتییانمان دەکەینەوە".

رۆژی یەکشەممە (4ـی شوباتی 2024) ئایشەگول دۆغان، گوتەبیژی دەم پارتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بڕیاریانداوە لە ئیستانبوڵ بە کاندیدی خۆیان بەشداری لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بکەن.

لە کاندیدە دیارەکانی دەم پارتی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، گوڵتان کشاناک، کاندید بۆ گەورەشارەوانی ئەنقەرە کە هاوسەرۆکی پێشووی شارەوانی دیاربەکر بوو، هەروەها ئۆزتورک تورکدۆغان، کاندید بۆ گەورەشارەوانی ئەنقەرە کە مافناس و سیاسەتمەدارە.

مەرال دانش بێشتاش، کاندیدە بۆ گەورەشارەوانی ئیستانبوڵ کە جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتییە لە پەرلەمانی تورکیا و موراد چەپنییش هەر کاندیدە بۆ گەورەشارەوانی ئیستانبوڵ کە پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپەیە.

کەمال بولبول، کاندیدە بۆ گەورەشارەوانی ئانتاڵیا کە پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپەیە و ئەحمەد تورک کاندیدە بۆ گەورەشارەوانی مێردین کە سیاسەتمەدار و هاوسەرۆکی پێشووی گەورەشارەوانی مێردینە، عەبدوڵڵا زەیدانیش کاندیدە بۆ گەورەشارەوانی وان کە پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپەیە، دۆغان هاتوون کاندیدە بۆ گەورەشارەوانی دیاربەکر کە چالاکوان و گوتەبێژی پێشووی پلاتفۆرمی رەنج و دیموکراسی و سێرا بوجاک کاندیدە بۆ گەورەشارەوانی دیاربەکر کە نەوەی فایق بوجاکی دامەزرێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان – تورکیایە.

هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە 31ـی مانگی ئاداری داهاتوو بەڕێوەدەچێت و بە گوێرەی ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا 36 پارتی سیاسی مافی ئەوەیان هەیە بەشداری بکەن لەوانەش: دەم پارتی، ئاکپارتی، جەهەپە، مەهەپە، ئیی پارتی، دەڤا، سەعادەت، ئاییندە، هوداپار و تەواوی ئەو فراکسیۆنانەی کە لە پەرلەمانی تورکیا کورسییان هەیە و ئەو پارتە تۆمارکراوانەی کورسی پەرلەمانییان بەدەستنەهێناوە دەتوان بەشداری بکەن.