پلاتفۆرمی ئێکس هەژماری حوسییەکان دادەخات

حوسییەکانی یەمەن - وێنە AFP
حوسییەکانی یەمەن - وێنە AFP

K24 - هەولێر

دوای ئەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، بە فەرمی چەکدارە حوسییەکانی یەمەنی خستە لیستی تیرۆر، تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) سەرجەم هەژمارەکانی سەر بەو گرووپە یەمەنییەی داخست.

پلاتفۆرمی ئێکس هۆکاری داخستنی هەژماری حوسییەکانی بۆ بڵاوکردنەوەی پەیام و بیری توندڕەوی، هاندان بۆ توندوتیژیی و هەڵخەڵەتاندنی منداڵان و بەکارهێنایان لەشەڕدا دەگەڕێنێتەوە.

لەبەرامەردا حوسییەکان داخستنی هەژمارەکانیان لە پلاتفۆڕمەکە بە پێچەوانەوەی یاسای نێودەوڵەتییەکان ناودەبەن.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە 17ی ئەم مانگە ر ایگەیاند، بە فەرمی یاسا و بڕیاری بە تیرۆریست ناساندنی چەکدارانی حوسیی خستە بواری جێبەجێکردنەوە، کە بەهۆی هێرشە درۆن و مووشییەکانیان بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی جووڵەی کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و سەقامگیری ناوچەکە.

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاندبوو، جێبەجێکردنی بڕیارەکە پەیوەندیی بە هاوکارییە مرۆییەکان بۆ خەڵکی مەدەنی یەمەنەوە نییە و گەیاندنی هاوکارییەکان بەردەوام دەبن.

بە گوێرەی ئامارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر لە 18 ملیۆن کەس لە یەمەن پێویستیان بە هاوکاری مرۆییە.