ئابووریناسێک: سزای سەربانکەکانی عێراق لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا سەپێنراوە

K24 - هەولێر

ئابووریناسێک رایدەگەیێنێت، لەماوەی حەفت تا هەشت مانگ چەندین بانکی ئیسلامی داخران، ئێستا هیچ بانکێکی بازرگانی ناتوانێت کاربکات، هەروەها، لە ئێستاشدا پێدانی دۆلار بە نرخی 132 هەزار راگیراوە.

ئابووریناس، مەناف سەفار، بەکوردستان24ـی راگەیاند، بۆچی بەهای دینار دابەزیووە و بەهای دۆلار بەرزبووەتەوە، بۆ ئەوەی هاووڵاتیان تێبگەن، ئەو کەڵەکەبووەی هەیە تەنیا لەبارەی دۆلارەوە نییە، چونکە رێژەی سوو خراوەتە سەر دۆلاری ئەمەریکی، ئەمەش یەکێکە لە هۆکارەکان. هەروەها دەبێتە هۆی ئەوەی داوایەکی زۆر لەسەر دۆلار هەبێت.

گوتیشی: لەماوەی حەفت تا هەشت مانگ چەندین بانکی ئیسلامی داخران، ئێستا هیچ بانکێکی بازرگانی ناتوانێت کاربکات، ئەگەر بێت و 100 دۆلار لەسەر 132 هەزار نەبێت ئەوە بازرگانان چۆن دەتوانن کار بکەن و ئەوکاڵایانە بفرۆشێت، بۆیە ئەو سزایانە لەلایەن بانکی ناوەندی نەسەپێنراوە بەڵکو لە گەنجینەی ئەمەریکاوە سەپێنراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا پێدانی دۆلار بە نرخی 132 هەزار راگیراوە، لەبەر ئەوە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی کاڵاکان، هەروەها بازرگانان ناچن لەدەرەوە شتومەک هاوردە بکەن.

دەشڵێت: سەرەتا ئەگەر بێت و سپیکردنەوە رابگیرێت، بێگومان پارەت بۆ دەگەڕێتەوە چونکە دۆلار لەبازاڕ نەماوە، ئەوەی لەلای ئێمەشە ترسی ئەوەمان هەیە لەدەستمان دەربچێت، دۆخەکەش بەم شێوەیە دەمێنێتەوە. باسی لەوەشکرد، ئێمە ئیدارەی خۆمان لەدەست خۆمان نییە، ئێوە دەزانن لەدەست کێیە.