گرۆسی: چالاکی ئەتۆمی ئێران رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووبەڕووی مەترسی زیاتر دەکاتەوە

رافائێل گرۆسی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم
رافائێل گرۆسی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم

K24 - هەولێر

رافائێل گرۆسی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، بە نیازە مانگی داهاتوو بۆ پرسی چاودێرییە نێودەوڵەتییەکانی دۆسیەی ئەتۆمی ئێران، سەردانی تاران بکات. ئاشکراشیکرد، ئێران لە سەرووی ئاست و پێویستییە بازرگانییەکانی، لە پیتاندنی یۆڕانیۆم بەڕێژەی بەرز بەردەوامە، هەر بۆیە لە چالاکییەکاندا تەواو شەفاف نییە.

رۆیتەرز لە زاری رافائێل گرۆسی بڵاویکردووەتەوە، هەرچەندە ئێران بەراورد بە کۆتایی ساڵی رابردوو پرۆسەی پیتاندنی تاڕادەیەک خاوکردووەتەوە، بەڵام ئێستاش مانگانە نزیکەی حەوت کیلۆگرام بە رێژەی 60% دەپیتێنێت، ئەم رێژەیەش نزیکە لە دروستکردنی چەکی ئەتۆم و هیچ خزمەتێک بە بواری بازرگانیی و مەدەنی ناکات، بۆیە چالاکییەکانی ئێران دەرخەری ئەو راستییەیە، بەدوای بە دەستهێنانی چەکی ئەتۆمەوەیە، چونکە هیچ وڵاتێک ئەگەر مەبەستی دروستکردنی چەکی ئەتۆم نەبێت، پێویستی بەم رێژە پیتاندنە نابێت.

بە گوتەی گرۆسی، ئێران لە مانگی حوزەیران تاوەکوو تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، بڕی پیتاندنی یۆڕانیۆمی لە هەر مانگێکدا بۆ سێ کیلۆگرام کەمکردبووەوە، بەڵام لە کانوونی یەکەمی 2023 رێژەکەی گەیاندە نۆ کیلۆگرام، بۆیە کەمکردنەوە و زیادکردنی بڕی پیتاندنی یۆڕانیۆمی ئێران جێگەی گومانە.

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو هۆشداریدا بوو، ئەگەر تاران زیاتر لە ئاستی 60% پیتاندنی یۆڕانیۆم پەرە پێبدات، ئەوا پێکهاتە گرنگ و پێویستەکانی دروستکردنی سێ بۆمبی ئەتۆمی هەیە.

گرۆسی رایگەیاندووە، هەڵوێستی ئەم دوایانەی بەرپرسانی ئێران جێگەی نیگەرانین و ئاشکرایانکردووە هەموو رەگەزە پێویستەکانی دروستی چەکی ئەتۆمیان لەبەردەستە، ئەمەش لەگەڵ بەردەوامبوونی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی غەززە، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر رووبەڕووی ترس و دڵەڕاوکێ دەکاتەوە.

نیگەرانییەکەی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دوای ئەوە دێ، کە عەلی ئەکبەر ساڵی، سەرۆکی پێشووی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران لە وڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئێران دەتوانێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆم، رایگەیاندبوو، وەک دروستکردنی ئۆتۆمبێلە و پارچەی جیاوازی هەیە، ئێران هەموو پارچەکانی بۆ ئامانجەکانی خۆی دروستکردووە، تەنیا ماوەتەوە بەیەکەوە ببەسترێنەوە.

بەگوێرەی رێککەوتننامەی ساڵی 2015، ئێران لە چالاکییە ئەتۆمییەکان تەنیا بۆی هەیە تۆڕانیۆم بە رێژەی 3.67% بپیتێنیت، بەڵام دوای کشانەوەی ئەمەریکا لە رێککەوتنەکە بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، تاران پابەندییەکانی بۆ ناوەڕۆکی رێککەوتننەکە هەڵپەساردو دەرفەتی خێراترکردنی پرۆسەی پیتاندنی یۆڕانیۆمی قۆزتەوە، بە بڕ و رێژەی زیاتر.