وەزارەتی ناوخۆ رێنمایی تایبەت بە فراوانکردنی گوندەکان و گواستنەوەی شوێنیان دەرکرد

وەزارەتی ناوخۆ
وەزارەتی ناوخۆ

K24 - هەولێر

وەزارەتی ناوخۆ رێنمای تایبەت بە  فراوانکردنی گوندەکان و گواستنەوەی شوێنیان دەرکرد. مەرجێکی سەرەکی فراوانکردنی هەر گوندێک، پێویستە بە رەزامەندی دوو لەسەر سێی دانیشتووانی خەڵکی رەسەنی گوندەکە بێت.

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی زیاتر گرنگیدان بە گوندەکان و هاندانی هاووڵاتییان بۆ زیاتر رووکردن لە گوندەکان بۆ بووژانەوەی بواری کشتوکاڵی و زیاتر فراوانکردن و ئاوەدانکردنەوەیان و نەهێشتنی گیروگرفتی گوندەکان؛ لە نووسراوێکدا رێنمایی ژمارە (2)ـی تایبەتی ساڵی 2024، تایبەت بە فراوانکردنی گوندەکان و گواستنەوەی شوێنیان دەرکرد.

لە نووسراوەکەدا کە واژووی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لەسەرە و لە رۆژی دووشەممە، 19-02-2024، دەرچووێندراوە؛ مەرج و رێکارەکانی فراوانکردن و گواستنەوەی گوندەکانی هەرێمی کوردستان دانراون.  

مەرجەکان:

1. شوێنی پێویست نەمابێت بۆ نیشتەجێبوون لەناو حەرەمی گوند.

2. فراوانکردن و گواستنەوە لەسەر داواکاری دوو لەسەر سێی دانیشتووانی خەڵکی رەسەنی گوندەکە دەبێت کە تێیدا نیشتەجێن.

3. زەوی پێویست بەردەست بێت کە لەگەڵ حەرەمی گوندەکە هاوسنوور بێت بۆ فراوانکردنی حەرەمی گوند بە مەرجێک گونجاو بێت لە رووی تۆپۆگرافی بۆ نیشتەجێبوون.

4. پێویستە زەوی پێشنیارکراو بۆ فراوانکردن لە جۆری بەردەڵانی بێت، لە کاتی نەبوونیدا دەکرێت سوود لە زەوی کشتوکاڵی وەربگیرێت.

هەر لە نووسراوەکەدا چەند رێکارێک بۆ فراوانکردنی گوند و گواستنەوەیان دانراون؛ لەوانەش:

1. پێشکەشکردنی داواکارییەکی هاوپێچکراو بە واژووی دوو لەسەر سێی نیشتەجێبووانی رەسەنی گوند کە شیانی یاساییان هەبێت لە رێگەی موختاری گوند بۆ یەکەی کارگێری تایبەتمەند و پێویستە بەڵگەنامەی داواکاران (کارتی نیشتمانی یان ناسنامەی باری شارستانی) هاوپێچ بکرێت.

2. یەکەی کارگێری تایبەتمەند داواکارییەکە بۆ پارێزگا یان ئیدارەی سەربەخۆ تایبەتمەند بەرزدەکاتەوە.

3. لیژنەیەکی تایبەتمەندی بەردەوام پێکدەهێندرێت لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بە سەرۆکایەتیی جێگرێکی (پارێزگار یان سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆ) و ئەندامییەتی نوێنەرانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی (کشتوکاڵ، نەخشەدانانی ئاوەدانی، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، کارەبا، وەبەرهێنان، ئەوقاف و کاروبای ئایینی، گەشتوگوزار، بەڕێوەبەرایەتیی خانووبەرەی میری، شوێنەوار، نەوت و کانزاکان، گواستنەوە و فەرمانگەی ژینگە).

4. لیژنەی بەردەوام بۆی هەیە مێوانداری موختار یان سەرۆکی یەکەی کارگێری یان هەر کەس و لایەنێک بکات کە پێویست بێت.

5. پارێزگار یان سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی  بۆی هەیە هەر ئەندامێکی دیکە کە پێویست بکات بۆ لیژنەی بەردەوام زیاد بکات.

6.  لیژنەی بەردەوام بە پێی پێویست کۆبوونەوەکانی خۆی ئەنجام دەدات و پێشنیارەکان بە چوار لەسەر سێی ئەندامانی لیژنە دەردەکرێت و لەلایەن پارێزگار یان سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆ پەسەند دەکرێت.

7. پێویستە ئەندامانی ناڕازیبووی لیژنەی بەردەوام یاداشتی ناڕازیبوون بنووسن و سەرۆکی لیژنە هاوپێچی کۆنووس دەکات.

8. پارێزگار یان سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی  بۆی هەیە کۆنووسەکە رەتبکاتەوە و بیگەڕێنێتەوە بۆ لیژنەی بەردەوام.

9. پێویستە پارێزگار یان سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆ پێش پەسەندکردنی کۆنووس راوبۆچوونی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری یاسایی پارێزگا یان سەربەخۆی وەربگرێت.

10. ئەگەر ئەنجوومەنی پارێزگا کارابێت کۆنووس رەوانەی ئەنجوومەنی پارێزگا دەکرێت بە مەبەستی دەنگدان و سەبارەت بە ئیدارە سەربەخۆکان ڕاستەوخۆ رەوانەی وەزارەتی ناوخۆ دەکرێت.

11. دوای دەنگدانی ئەنجوومەنی پارێزگا لەسەر پێشنیاری کۆنووسی لیژنە و بڵاوکردنەوەی لە دوو رۆژنامەی رۆژانە کە تێیدا ژمارەی زەوی فراوانبوونی گوندەکە و ژمارەی کەرت و ناوچەکەی تێیدا دیاری بکرێت بۆ ئەوەی هەر کەسێک تانەی هەبێت پێشکەشی لایەنی پەیوەندیدار بکات بۆ ماوەی 30 رۆژ.

12. دوای دەنگدانی ئەنجوومەنی پارێزگا و بڵاوکردنەوەی پێشنیار لە دوو رۆژنامە، لەلایەن پارێزگار یان سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆ، بەرزدەکرێتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ/ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارگێری و سەرچاوە مرۆییەکان بە مەبەستی دەرچوواندنی بەیان ئەگەر گشت رێکارەکان ئەنجام درابن.


لە بەشێکی دیکەی نووسراوەکەدا هاتووە: ئەگەر زەوی پێشنیارکراو کشتوكاڵی بوو و خاوەن زەوی (حق التصرف، گرێبەست و مۆڵک)ـی لەسەر بوو و خاوەنەکەی رەزامەندی نەبوو، ئەوا پارێزگا یان ئیدارەی سەربەخۆی کوژانەوەی بۆ دەکات بەپێی یاسا و سەبارەت بە زەوی گرێبەست ئەوا گرێبەستەکە هەڵدەوەشێتەوە بۆ بەرژەوەندی گشتی و حکومەت قەرەبووی خاوەن زەوی دەکاتەوە.