دوای ئەوەی زانی دەگوزارێتەوە بەغدا؛ بکوژی بەڕێوەبەری کۆمپانیای دایو لە زیندان هەڵهات

K24 – هەولێر

بە گوێرەی زانیارییەکانی میدیا عێراقییەکان، بکوژی بەڕێوەبەری کۆمپانیای دایو دوای ئەوەی زانیویەتی دەگوازرێتەوە زیندانێکی بەغدا؛ لەو زیندانەی بەسڕە کە تێیدا زیندانی کرابوو، هەڵهاتووە و تا ئێستا دەستگیرنەکراوە.

بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، ئەحمەد شایع کە تێوەگلابوو لە کوشتنی بەڕێوەبەری کۆمپانیای دایۆی کۆری، لە زیندانێکی پارێزگای بەسرە هەڵاتووە.

سەرچاوەیەکی ئەمنی بە ماڵپەڕی "بەغداد ئەلیەوم"ـی راگەیاندووە، "ئەحمەد شایع، کە تێوەگلاوە لە کوشتنی بەڕێوەبەری کۆمپانیای دایو لە عێراق، هەروەها داواکراوبووە بە مادەیەکی مەترسیدار، توانیویەتی لە بنکەی پۆلیسی ئەلجمهوری لە بەسرە هەڵبێت".

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، "کاتژمێر 8:00 ـی بەیانی رۆژی 19ـی شوباتی 2024، راگەیەندراوە کە یەکێک لە تۆمەتبارەکان، لە بنکەی پۆلیسی ئەلجمهوری، بە ناوی ئەحمەد عەبدولواحید شایع، ئامادە نەبووە".

راشیگەیاند، "دوای بەدواداچوون، دەرکەوتووە کە بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستی لەسەر فەرمانی ئەفسەری بنکەکە رەوانەی نەخۆشخانەی ئەلموسەوی کراوە".

باسی لەوەشکرد، "دوای چوون بۆ شوێنی تۆمەتبار و ئەفسەری بنکەکە، دەرکەوت کە لە نەخۆشخانە نەبوون"، ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەفسەری بنکەکە مۆبایلەکەی کوژاندەوە، و تا ئێستاش هەوڵ بۆ وەرگرتنی زانیاری سەبارەت بە هەڵهاتنەکەیان دەدرێت".

 لە 28ـی شوباتی 2023، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، دەستگیرکردنی خاوەنی کۆمپانیای ئەلدویبی ئەحمەد شایعی راگەیاند کە پڕۆژەی بەندەری گەورەی ئەلفاو جێبەجێ دەکات.