ئیگار لێدنیک چالاکوانی ئۆپۆزسیۆنی بیلاڕووسی لەناو زینداندا گیانی لەدەستدا
K24 – ھەولێر:
ئیگار لێدنیک چالاکوانی ئۆپۆزسیۆنی بیلاڕووسی لەو زیندانەدا گیانی لەدەستدا کە بەهۆی ناوزڕاندنی سەرۆکی ئه‌و وڵاته زیندانی كراوه.
ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه 20ـی شوباتی 2024) میدیاكان بڵاویانكرده‌وه، ئیگار لێدنیک، چالاکوانی ئۆپۆزسیۆنی بیلاڕووسی و ئه‌ندامی پارتی سۆسالیست دیموكراتی بیلاڕووسی (گرامادا) و رۆژنامه‌نووسی دیاری ئه‌و وڵاته له ته‌مه‌ین 64 ساڵیدا له‌و زیندانه‌دا كۆچی دوایی كرد، كه به‌پێی راپۆرت و زانیارییه‌كان هه‌زار زیندانی له‌خۆگرتووه.
هه‌روه‌ها رێکخراوی بەرگری "ڤیاسنا" تایبه‌ت به به‌رگریكردن لە مافەکانی مرۆڤ، مردنی ئیگاری پشتڕاست كردووه‌ته‌وه.
رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کانوونی یەکەمی ساڵی 2022، ئیگار بە تۆمەتی "ناوزڕاندنی" ئه‌لیكسه‌نده‌ر لۆكاشینكۆ، سەرۆکی بیلاڕووسیا و بڵاوکردنەوەی وتارێك له یەکێک لە رۆژنامەکانی پارتی سۆسیالیست دیموکرات، سزای 3 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە.
پێشتریش ئەو پارتە کە لەلایەن چالاکوانانی دەرەوەی وڵاتەوە بەڕێوەدەبرێت، ئاماژەی بەوە کردبوو، تەندروستی ئیگار لە زینداندا خراپ و ناجێگیره، به‌تایبه‌تی بەهۆی کێشەیەک لە کۆئەندامی هەرس و تووشبوونی به نەخۆشیی دڵ بووە.
لەدوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری بیلاڕووس لە ساڵی 2020 سەرکوتکردن له‌و وڵاته چڕتر بووەتەوە، به‌تایبه‌تی كه زۆرێك له چالاكوانانی ئه‌و وڵاته هه‌ڵبژاردنه‌كه‌یان به ساخته ناوبرد كه تێیدا ئەلێکساندەر لۆکاشینکۆ سەرکەوتنی بەدەستهێناوه و لە ساڵی 1994ـوه دەسەڵاتی وه‌رگرتووه و هاوپەیمانێکی نزیکی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیایە.
رۆژی (هه‌ینی 16ـی شوباتی 2024) ئاژانسه هه‌واڵییه‌كانی رووسیا بڵاویان كرده‌وه، ئەلێكسی ناڤاڵنی، سه‌ركرده‌ی بەرھەڵستكاری رووسی له‌ناو زینداندا گیانی له‌ده‌ستداوه.
رۆژی 2ـی شوباتی 2021، دادگایەكی مۆسكۆ، حوكمی سێ ساڵ و نیو زیندانیكردن لەگەڵ جێبەجێكردنی بەسەر بەرھەڵستكاری رووسیایی "ئەلێكسی ناڤالنی"دا سەپاند، لە دۆسیەی گەندەڵی، كە پێشتر حوكمی لەسەر درابوو، به وه‌ستاندنی جێبەجێكردنه‌كه.
حوكمەكە لەسەر داوای دەستەی فیدراڵی رووسیا بوو بۆ جێبەجێكردنی سزاكان، دوای ئەوەی جەختیكردەوە لەسەر ئەوەی ناڤاڵنی "چەندین جار سەرپێچیی كردووە و بەشێوەیەكی بەرنامەكراوە" لە مەرجەكانی جێبەجێنەكردنی حوكمەكە. تەنانەت پێش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە لە ئەڵمانیا لە ھاوینی 2020، بەبێ ھیچ پاساوێكی لەبار پێشكەش بكات.