سوودانی: ناردنی پارە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق

K24 – بەغدا:

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا کە پەیامنێری کوردستان24 تێیدا ئامادەبوو رایگەیاند، تا هەموارکردنەوەی یاسای بودجە، ناردنی پارە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.

شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانیەکەدا دڵنیاییدا کە ناردنی پارە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.

سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت: ئەو کێشانەی کە لە رابردوودا لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیانبووە هەوڵی چارەسەرکردنیان داوە. جەختی لەوەشکردەوە، ناردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێمی کوردسان بەردەوام دەبێت تا کاتی هەموارکردنەوەی یاسای بودجە.

پەیامنێری کوردستان24، ئاماژەی بەوەدا، 27 یان 28ـی ئەم مانگە 618 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە دەکرێت.

بەگوێرەی زانیارییەکان، وەزارەتی دارایی عێراق دوای ئەوەی تەواوی مووچەی وەزارەتەکانی عێردا دابەش دەکات، پاشان راستەوخۆ دەست دەکات بە ناردنی 618 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بۆ مەبەستی دابەشکردنی مووچە.