باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق: حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی هەنگاوی گرنگی بە ئاراستەی گەشە و پێشكەوتن ناوە

فوتۆشی ماتسۆمۆتۆ
فوتۆشی ماتسۆمۆتۆ

K24 - هەولێر:

باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق رایگەیاند، سەرەڕای هەموو ئاڵنگارییەكان، حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی هەنگاوی گرنگی بە ئاراستەی گەشە و پێشكەوتنی بەردەوام ناوە و ژاپۆن پشتیوانی تەواوی لێدەكات.

لە بۆنەیەكی تایبەتدا لە هەولێر، بەبۆنەی یادی رۆژی نیشتمانی وڵاتەكەیەوە، فوتۆشی ماتسۆمۆتۆ باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق رایگه‌یاند،  چاوم لەوەیە ژاپۆن و كوردستان داهاتوویەكی گەشتر و باشتریان هەبێت.

باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق هه‌روه‌ها گوتی: "كوردستانیش بەهەمانشێوە رێگەی دوور و درێژی بڕیوە تا گەیشتووەتە ئەم دۆخە سەقامگیر و پێشكەوتوەی ئێستا تێیدایە".

هه‌روه‌ها گوتیشی: "ژاپۆن و خۆشم وەك دۆستێكی راستەقینە هەمووكات پشتیوانی كوردستانمان كردووە بۆئەوەی كۆمەڵگەی خۆشگوزەران و ئاسایش و ئارامی هەبێت".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو،  بەدڵنیاییەوە هاوكار و پشتیوانی هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی بەرێز سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی دەكەین بۆ بەدیهێنانی گەشە و پێشكەوتنی بەردەوام، سەرەڕای هەموو ئاڵنگارییەكان.

فوتۆشی ماتسۆمۆتۆ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد‌، ژاپۆن و كوردستان چەندین ساڵە دۆستایەتیەكی ناوازەیان هەیە و بۆ ساڵانی داهاتووش ئەو دۆستایەتییە هێشتا باشتر و باشتر دەبێت.

 دواجار گوتیشی: "ژاپۆن ئامادەیە بۆ هاوكاریكردنی كوردستان لە پەرەپێدانی ئابووری و كۆمەڵایەتیدا، بۆئەوەی پەیوەندییەكانمان زیاتر بەهێز بن. ئەمساڵ بۆ ئێمە ساڵی ئەژدیهایە لەسەر پشتی ئەم ئەژدیهایە زۆر بەرزتر دەفڕین. چاوم لەوەیە پێكەوە داهاتوویەكی گەشتر و باشتر بۆ كوردستان ببینین."