پێشەوا هەورامانی بۆ کوردستان24: حكومەتی ھەرێم نایەوێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەوە زیاتر دوابكەوێت

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی کوردستان رژدە لەسەر ئەوەی کە دەبێت ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت.

پێشەوا ھەورامانی، گوتەبێژی حكومەتی ھەرێمی كوردستان تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، "چاوەڕێین بڕیاری ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بدرێت و حكومەتی ھەرێمی كوردستانیش نایەوێ لەوە زیاتر ھەڵبژاردن دوابكەوێت".

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گوتیشی:"حكومەت ئەركی یاسایی خۆی جێبەجێكردووە و سەرۆكی حكومەت رژدە لەسەر ئەوەی کە دەبێت ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت".

هەورامانی باسی لەوەکرد، یونامی مەبەستیانە هەڵبژارنی پەرلەمانی کوردستان بە زووترین کات ئەنجامبدرێت، هەروەها لە دەسپێکی ئەم پڕۆسەیەش تاوەکو کۆتایی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا دەبن.

ئەمڕۆ سێشەممە (20ـی شوباتی 2024) شاندی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی نوێنەری یۆنامی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانى عێراق بە مەبەستی تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی ئامادەکاریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، شاندی باڵای کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا، بە شاندی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی راگەیاندووە، ئەگەر سبەی چوارشەممە، دادگای فیدراڵی سکاڵای تایبەت بە یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان یەکلابکاتەوە و بڕیار بدات، ئەوان دەتوانن لە سەرەتا تا ناوەڕاستی مانگی شەشی ئەمساڵ هەڵبژاردن ئەنجام بدەن.

ئەمە لە کاتێکدایە پێشنیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە، (18ـی شوباتی 2024) دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی چەند سکاڵایەک لەنێویشیاندا سکاڵای تایبەت بە پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. دادگاکە جارێکی دیکە بڕیاردانی لەبارەی سکاڵاکە بۆ رۆژی چوارشەممە، (21ـی شوباتی 2024) دواخست.