مونا قەهوەچی: دادگای فیدراڵی دەستووری پێشێل کردووە

بڵند شێرزاد: سیستەمی فرەبازنەیی بۆ پێکهاتەکان ناداپەروەرییە
مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان و بڵند شێرزاد، سەرۆکی پارتی رزگاریی نەتەوەیی تورکمان
مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان و بڵند شێرزاد، سەرۆکی پارتی رزگاریی نەتەوەیی تورکمان

K24 – هەولێر:

جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان، رایدەگەیەنێت؛ پێکهاتەکان هیچ کات نەبوونەتە بەربەست لەبەردەم پڕۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستان و هیچ کاتێکیش نەبوونەتە بەشێک لە ململانێکان.

مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان، لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات رایگەیاند، لە دەسەڵاتی دادگای فیدراڵیدا نییە کە دەستکاری کورسی کۆتاکان بکات، بەڵکو لە دەسەڵاتی پەرلەمانی کوردستانە.

جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان، راشیگەیاند، لەماوەکانی رابردوو بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان نەتواندرا وادەیەک بۆ دیاریبکرێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. هاوکات هیوادارە دادگای فیدراڵی بڕیاری سیاسی نەدات لەسەر کورسی پێکهاتەکان بەڵکو بڕیارێکی دەستووری بدات.

مونا قەهوەچی، دەڵێت: پێکهاتەکان هیچ کات نەبوونەتە بەربەست لەبەردەم پڕۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستان و هیچ کاتێکیش نەبوونەتە بەشێک لە ململانێکان.

جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان، باسی لەوەشکرد، "ئەگەر لە پەرلەمانی کوردستان ئێمە بوونمان هەبێت یاخود بوونمان نەبێت هەر هاوپەیمانی پارتی دیموکراتی کوردستانین".

مونا قەهوەچی، دەشڵیت: لە بەغدا هیچ کاتێک بەرگری لە مافی پێکهاتەکان نەکراوە، بەڵکو لە بری پێکاهاتەکانیش بڕیار دراوە. گوتیشی: دادگای فیدراڵی دەستووری پێشێل کردووە.

بڵند شێرزاد: سیستەمی فرەبازنەیی بۆ پێکهاتەکان ناداپەروەرییە

بڵند شێرزاد، سەرۆکی پارتی رزگاریی نەتەوەیی تورکمان بە ژینۆ محەممەدی گوت: پێویستیان بە بڕیارێکی دادپەروەرانە هەیە کە چیدیکە موزایەدا بە کورسی کۆتاکان نەکرێت.

سەرۆکی پارتی رزگاریی نەتەوەیی تورکمان، باسی لەوەکرد، "هەر بارودۆخێک رووبدات ئێمە بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەین". دەشڵیت: "ئەگەر دادگای فیدراڵی، دادگایەک بێت کار بە دەستوور بکات ئەوە سبەی بەدیار دەکەوێت کە بڕیارەکانی دەستوورین یان سیاسین".

بڵند شێرزاد، ئاماژەی بەوەدا، سیستەمی فرە بازنەیی بۆ پێکهاتەکان نادادپەروەرییە. جەختیشی لەوە کردەوە، هەڵوێستیان دەبێت ئەگەر بزانن زوڵم و نادادپەروەری دەرهەق بە گەلەکەیان دەکرێت.

سەرۆکی پارتی رزگاریی نەتەوەیی تورکمان، سیستەمی فرە بازنەیی دەبێتە هۆی پەرتەوازەبوونی دەنگەکانی پێهاتەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

پێشنیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە، (18ـی شوباتی 2024) دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی چەند سکاڵایەک لەنێویشیاندا سکاڵای تایبەت بە پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. دادگاکە جارێکی دیکە بڕیاردانی لەبارەی سکاڵاکە بۆ رۆژی چوارشەممە، (21ـی شوباتی 2024) دواخست.

دواى ئەوەى تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتاییهات، رۆژی 9ـی تشرینى یەکەمى 2022، پەرلەمانى کوردستان یاسای ژمارە 12ى درێژکردنەوەى خولى پێنجەمی پەسندکرد. دواتر رۆژی 22ـی ئایارى 2023 پەرلەمانی کوردستان بڕیارى کاراکردنەوەى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمى کوردستانی دا، بەڵام دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق ئەو کاراکردنەوەیەشی بە نایاسایی ناساند.