سیروان بارزانی: بڕیارە هەفتەی داهاتوو کێشەی کۆڕەک تیلیکۆم یەکلایی بکرێتەوە

سیروان بارزانی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم
سیروان بارزانی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم بە کوردستان24ـی راگەیاند، کێشەی کۆمپانیای کۆڕەک بەسیاسی کراوە، چونە دادگاکانی عێراقیش لە بەرژەوەندی کۆرەک دۆسییەکەیان یەکلایی کردووتەوە.

رۆژی سێشەممە (20ـی شوباتی 2024) سیروان بارزانی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم رایگەیاند، بڕیار وایە هەفتەی داهاتوو کێشەی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم یەکلایی بکرێتەوە و بۆ ئەو مەبەستە نامەیەکیان ئاراستەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە.

سیروان بارزانی روونیکردەوە، زۆر هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان دراوە و لە دوایین هەوڵیشدا، ئەو لیژنە تایبەتەی لە پەرلەمانی عێراق بۆ بەدواداچوونی ئەو کێشەیە پێکهێندرا، راپۆرتی خۆیان پێشەکەش بە وەزیری دارایی عێراق و سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە و رای هەردوو لایەن کە بریتین لە کۆمپانیای کۆرەک و دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق وەرگیراوە و بڕیار وایە هەفتەی داهاتوو بڕیاری کۆتایی لەبارەوە بدرێت.

رۆژی هەینی (16ـی شوباتی 2024) ‎بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، سەبارەت بە سكاڵای هاووڵاتییان دەربارەی ئەو زیانەی پێیان گەیشتووە لە بڕیاری پچڕاندنی هێلی پەیوەندی لەنێوان كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم و (زەین عێراق و ئاسیاسێڵ)، حكومەتی هەرێمی كوردستان نووسراوێكی فەرمی ئاراستەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراقی فیدراڵ دەكات.

‎هاوكات وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەم بڕیارەی دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عیراق بە نادادپەروەرانە لە قەڵەم دەدات و داوادەكات كەوا پەیوەندییەكان بگەڕێندرێنەوە باری ئاسایی خۆیان.

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە، تاكو ئەم كێشەیە چارەسەر دەكرێت لە چوارچێوەی گفتوگۆ بەپێی یاسا و بڕیاری كۆتایی دادگاكان، لەپێناو بەرژەوەندی گشتی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان و عێراق كە ژمارەی هاوبەشەكان بە ملیۆنەها بەشدرابوو دەخەمڵێندرێت، داوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان کردووە.

رۆژی (22ـی تشرینی یەکەمی 2023) بەهۆی کێشەیەک لە نێوان کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم و دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق کە تاوەکو ئێستا چارەسەر نەکراوە؛ دەستەکە بڕیاریدا بە راگرتنی پەیوەندییەکانی نێوان کۆمپانیاکە و کۆمپانیاکانی دیکەی پەیوەندیی لە عێراق

رۆژی (8ـی ئایاری 2023) سیروان بارزانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لە 2014ـەوە مافی خۆمانە، ئەو سێ ملیۆن و 200 هەزار بەشدارە لەگەڵ کۆدی 0790 نەگەڕێتەوە بۆ کۆمپانیای کۆڕەک، ئەوا کۆڕەک پابەندنابێت بەوەی 370 ملیۆنی پشکەکان بداتەوە".

سیروان بارزانی باسی لەوەشکرد، ئەو 800 ملیۆن دۆلارە، شتێکی ناڕەوا و نایاساییە لەسەر کۆمپانیای کۆڕەک سەپێندراوە، کۆمپانیای کۆڕەک لەڕێگەی دادگا و حکومەتەوە په‌نای بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان برد، بەڵام کێشەکان چارەسەرنەکراون و مافەکان بۆ كۆڕه‌ك نه‌گه‌ڕاونەتە‌وه‌.