روونكردنەوەیەك لە بەڕێوبەرایەتی گشتی كاروباری تەندروستییەوە

روونکردنەوەی وەزارەتی تەندروستی
روونکردنەوەی وەزارەتی تەندروستی

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری تەندروستی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە یەكێك لە كەناڵەكانی راگەیاندن دەربارەی كاریگەری ماددە پلاستیكییەكان لە چاوپێكەوتنێکدا میوانی بەرنامەكە زانیاری هەڵە و ناڕاستی لەسەر بەكارهێنانی كلۆر بۆ خاوێنكردنەوەی (تعقیم) ئاوی بوتڵكراو بڵاوکردووەتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ـی شوباتی 2024، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری تەندروستی هەرێمی کوردستان، روونکردنەوەیەکی بۆ رای گشتی بڵاو کردووەتەوە تێیدا رایگەیاند، دوابەدوای بڵاو بوونەوەی چاوپێكەوتنێك لە یەكێك لە كەناڵەكانی راگەیاندن دەربارەی كاریگەری ماددە پلاستیكییەكان لەو چاوپێكەوتنەدا میوانی بەرنامەكە زانیاری هەڵە و ناڕاستی لەسەر بەكارهێنانی كلۆر بۆ خاوێنكردنەوە (تعقیم) كردنی ئاوی بوتڵكراو كرد، بەڵام ئەو کەسە بێ ئاگابوو لە زانیاری و رێنماییەكان تایبەت لە پرۆسەی دروستكردن و گواستنەوە و هەڵگرتنی ئەم بەرهەمە كە بە پێی تایبەتمەندی عێراقی دەستنیشانكراوە.

بە گوێرەی تایبەتمەندی عێراقی ژمارە (1937) ساڵی 2019 تایبەت بە ئاوی بوتڵكراو:

 بەكارهێنانی (مركبات الكلورین) قەدەغەكراوە لە گشت قۆناغەكانی پرۆسەی چارەسەركردن و خاوێنكردنەوەی كۆتایی ئاوی بوتڵكراو.

پرۆسەی چارەسەركردن و بە پاڵاوتن بە بەكارهێنانی فلتەری كەمتر لە یەك مایكرۆمەتر یان بەROدەبێت ئەنجامبدرێت.

خاوێنكردنی ئاو لە قۆناغەكانی كۆتایی بە ئۆزۆن یان بە تیشكی سەروو وەنەوشەیی دەكرێت.

شێوەی هەڵگرتن و گواستنەوەی ئەم بەرهەمە لەم تایبەتمەندیە ئاماژەی پێكراوە وە هەڵگرتنی لەبەر تیشكی خۆر یاساغ كراوە وە ئەنجامدانی ئەم كارە سەرپێچی هەژمار دەكرێت.

ئەو ( PET ) و كۆنتێنەرانەی بۆ هەڵگرتنی بەكار دەهێندرێت بە پێی ئەم تایبەتمەندییە دەبێت تەندروست بێت و كارلێك نەكات لەگەڵ ئاوی هەڵگیراو تێدا وە هیچ بەرهەمی لاوەكی زیان بەخش بە تەندروستی دروست نەكات.

بە پێی Code of Federal Regulation ـی ئەمەریكی و یاساكانی FDA تایبەت بە ئاوی بوتڵكراو ئۆزۆن بە رێگەیەكی نموونەیی هەژمار دەكرێت بۆ پاكژكردنەوە (تعقیم) كردنی ئاوی بوتڵكراو هەروەها لە لایەن رێكخراوی تەندروستی جیهانیشەوە ( WHO ) ئاوی بوتڵكراو ئۆزۆن یەكێكە لە رێگەكانی پاكژكردنەوە ( تعقیم ) كردنی ئاوی بوتڵكراوە.

هەروەها، بۆ هاووڵاتیانی خۆشەویستی رووندەكەینەوە كە یاساكە بە شێوەیەكی تەواو ئاماژەی بە هەموو بەشەكانكردووە، بۆ زانینی زیاتری دەتوانن یاساكە بخوێننەوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری تەندروستی روونیشیکردەوە، بەگوێرەی یاساكە رووندەبێتەوە ئەو کەسەی چاوپێكەوتنەكەی ئەنجامداوە پێچەوانەی تایبەتمەندییەکانی عێراقییە، كە ئەو داوای بەكارهێنانی كلۆر دەكات ئەمەش لە هیچ قۆناغەكانی پرۆسەی چارەسەكردنی ئاوی بوتڵكراو رێگە پێدراو نییە، هاوكات داوای بەكار نەهێنانی ئۆزۆن دەكات كە ئەمەش پێچەوانەدەبێت كە ئۆزۆن یان فلتەر یانRO بەكار بهێندرێت.