تەلاری پارێزگای بابل و نووسینگەی دەستەی حەشدی شەعبی هێرشیانکرایە سەر

نووسینگەی دەستەی حەشدی شەعبی لە بابل
نووسینگەی دەستەی حەشدی شەعبی لە بابل

K24 – هەولێر

سەرچاوەیەکی ئەمنی  رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە بە دوو گولـلە ئاربیجی نووسینگەی دەستەی حەشدی شەعبی لە پارێزگا کراوەتە ئامانج.

هەروەها لایەنەکانی حەشدی شەعبی لە گرووپەکانی تایبەت بە خۆیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردووەتەوە، کاتژمێر یەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ (21ی شوباتی 2024) لایەنگرانی سەدر هێرشیانکردووەتە سەر بینای پارێزگای بابل و دیوارەکەیان رووخاندووە، پاشان چەند چەکدارێکی نەناسرا تەقەیان لە بیناکە کردووە.

هەروەها ئاماژەیانداوە، هەر لە بابل بە ئاربیجی هێرشکراوەتە سەر نووسینگەی دەستەی حەشدی شەعبی و نووسینگەی کەناڵی عەهد، هاوکات لە ناوچەی سەلام پارێزگای نەجەف بارەگایەکی عەسائب کراوەتە ئامانج، بەڵام هیچ یەکێک لەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج زیانی گیانیان نەبووە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەستی کوردستان24 کەوتوون، ئەو جووڵەیەی لایەنگرانی رەوتی سەدر وەک وەڵامدانەوەیەک بووە بۆ بێدەنگبوونی حکومەتی عێراق و دەستەی حەشدی شەعبی بەرانبەر بە رفاندنی ئەیسەر خەفاجی، چالاکوانی رەوتی سەدر و ئەندامی سەرایا سەلام بووە، کە 18ی ئەم مانگە لە بارودۆخێکی گوماناویدا لە بەردەم ماڵەکەیدا رفێنرا و تەرمەکەی لەسەر رێگەی نێودەوڵەتی ئەو پارێزگایە دۆزرایەوە، ئەمەش توڕەیی کەسوکاری ئەیسەر و سەدرییەکانی لێکەوتەوە و ماوەی 48 کاتژمێر مۆڵەتیان بە پارێزگاری بابل دا بۆ ئەوەی بکوژان بدۆزێتەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش بێنە دەنگ.